2009-11-17 18:47:51

(1)

باران ته‌ریقه‌تى هه‌موومانه‌...

گه‌ر لێمان وون بێ،

كێڵگه‌ به‌دارشه‌قه‌وه‌داهۆڵ ده‌رِوێنێ..

.ئێواره‌ به‌ مه‌لوولییه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كا،

په‌رِسێلكه‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر چڵى تیرِمان،

كۆچه‌ر بێ یان نیشته‌جێ...!

(2)

ته‌ریقه‌ت هه‌رگیز نافرِێ،

له‌ باڵی كۆترێكى كاغه‌زى...

دڵى عه‌به‌سێك له‌وپه‌رِى سۆفیگه‌رى...

خولیاى خه‌یاڵێك له‌و دیو باخچه‌یه‌كى باغه‌یى...

مه‌رحه‌باى مه‌تاره‌یه‌ك له‌م دیوجۆگه‌له‌یه‌كى دوودڵى...!

(3)

به‌یانییه‌ك تاڵان مه‌كه‌ن كه‌ رِووى له‌ ته‌ریقه‌ته‌...

چونكه‌ سپێده‌ له‌ گه‌روى كه‌ڵه‌شێردا پیاده‌و

 

چریكه‌ى كه‌نارى له‌ گه‌ڵاى گزنگدا پیاسه‌و

چه‌هچه‌هه‌ى بولبولیش له‌ گوڵزارى گوڵا شكۆفه‌...!

(4)

په‌نجه‌ره‌ بۆ ئه‌به‌د ناچێته‌ ماڵى ته‌ریقه‌ت،

كه‌ ده‌ڵێین په‌نجه‌ره‌

دیوار به‌هانه‌ى پێده‌گرێ و هه‌ر باڵاى بڵند ده‌كا...

كه‌ ده‌ڵێین په‌نجه‌ره‌ ده‌رگا نه‌عله‌كانى فرِێ ئه‌داو

ده‌م و لێویشى شووشه‌رِێژ......!

(5)

كه‌ دره‌ختى ماڵه‌كه‌مان رِه‌شپۆش ده‌بێ،

ئه‌وه‌ ئاشوبى دارلاسیكێكه‌،

له‌ناوهاروهاجى كۆڵانداخۆى حه‌شار ئه‌دا..

كه‌ چۆله‌كه‌یه‌كیش له‌ته‌ریقه‌ت لایداو

ئاسمانى قیرتاو كرد به‌ نیشتنه‌وه‌..

گوناهى دره‌خت نییه‌،

كه‌ ئارشیفى سه‌وزى تیا نییه‌...

گوناهى دارلاسیك و كۆڵانه‌

دڵیان هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز ده‌كا،

به‌ڵام بۆ عیشق و ئولفه‌ت نا...!

 

(6)

مه‌رگ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ژیاندا دانیشتووه‌،

گفتووگۆ ده‌كا..

كه‌ژیان توورِه‌ ده‌بێ و ده‌قیژێنێ،

مه‌رگ فه‌توایه‌كه‌ له‌ خامۆشى...

هه‌رچه‌نده‌ دووانه‌ى شه‌رِ و ئاشتى

نییه‌ له‌ فه‌رهه‌نگى مه‌رگا،

به‌ڵام مه‌رگ یه‌كه‌م ته‌ریقه‌ته‌

كه‌ قه‌ناعه‌تمان پێده‌كا...!

(7)

ئاو ده‌ست و قاچ و دڵى هه‌یه‌،كه‌

ده‌ستى رِووده‌كاته‌ ده‌وه‌نێ

له‌لق و چڵى سه‌رى باڵنده‌ چرۆ ده‌كا و

له‌ كه‌ڵاكه‌شى باڵه‌كانى....

كه‌ قاچى رِوو له‌ جۆگه‌له‌ ده‌كا،

دریژ،درێژچه‌م ده‌نووسێ...!

به‌پێستى رِووبارپێڵاو چێده‌كاو

به‌ رِه‌نگى ده‌ریاش هه‌نگاو ده‌نێ

ئاو ته‌ربقه‌ته‌ و هه‌ر ده‌رِواو لاناكاته‌وه‌،

له‌سه‌ر چرپایى ئاوه‌دانى ده‌نوێ و

كه‌پایپێكیش ده‌كێشێ،

ده‌چێته‌ عه‌رشى خه‌یاڵدان

جاره‌،جاره‌ دڵى لێئه‌دا،

بۆ رِاكردنى بیابان...

(8)

كه‌ ئاسمان ته‌نگه‌نه‌فه‌س ده‌بێ،

خه‌تاى پلیكانه‌یه‌ به‌فیزه‌وه‌ به‌رز به‌رز ده‌رِوانێ...

خوله‌كێك خه‌تخه‌تێن له‌گه‌ڵ بێچووى مانگ ناكا...

خه‌تاى په‌رده‌یه‌،بستێك په‌تپه‌تێن

له‌گه‌ڵ مناڵى خۆرا ناكا...

ئاخر له‌خوار پلیكانه‌وه‌ته‌ریقه‌تى عاشقێك،

له‌ ناڵینا هه‌یه‌جان

له‌م دیو په‌رده‌شه‌وه‌ مه‌عشوقێك،

به‌ ده‌ست باڵاى دیواره‌وه‌ زیندان...!

(9)

واز بێنه‌ له‌ ئینته‌رنێت و مۆبایل و نامه‌ى ئه‌له‌كترۆنى...

وه‌ره‌ سه‌رباڵى خه‌یاڵم بابفرِین،

له‌وێ ده‌چینه‌ سه‌ر فه‌رشى ئاسمان و

له‌وێشه‌وه‌ فرِین بۆ ناو ئه‌ستێره‌كان...

من چاوشاركێ له‌گه‌ڵ مه‌ریخ ده‌كه‌م و

به‌ چاوبه‌ستنێ چله‌گیایه‌كى،

ده‌كه‌مه‌ ملوانكه‌ و موستیله‌...

تۆش قاوه‌یه‌ك بخه‌ره‌ سه‌ر،

پشكۆى عیشق و عاتیفه‌...

من ده‌زانم هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌كانى ئاسمان،

ده‌بنه‌ میوانى ته‌ریقه‌تمان...!

(10)

دواجار حه‌قیقه‌ت ده‌بێته‌،

هاورِازى هه‌موو نه‌یاره‌كانى...

وه‌ك دواهه‌ناسه‌ى مۆمێك،

به‌ فلوتى رِه‌شه‌بایه‌ك...

دواشه‌پۆلى ده‌ریایه‌ك،

به‌ خۆشتنى هاوینێك...

دوا پێكردنى گه‌ڵایه‌ك،

به‌پایپى پایزێك...

دوا قسه‌ى من وتۆش ئه‌ى ته‌ریقه‌ت،

كه‌ خۆى حه‌قیقه‌ته‌،

به‌ ئینقیلابى عیشقێك...!

(11)

زه‌مه‌ن وانه‌یه‌كمان فێر ده‌كا...

دواى حكومه‌تى گریان،

حكومه‌ته‌كه‌ى پێكه‌نین...

دواى حكومه‌تى له‌ دایك بوون،

باوه‌شێك بۆ تروپكى گرِوگاڵ...

باوه‌شێك بۆ هاتنه‌ خواره‌وه‌ى گۆرِستان..!

زه‌مه‌ن وانه‌یه‌كمان فێر ده‌كا...

ئه‌وه‌ى یه‌ك حكومه‌ته‌وعه‌سكه‌ر تار نییه‌،

حكومه‌ته‌كه‌ى عیشقه‌وته‌ریقه‌تى عیشقستان...!

(12)

هه‌موو شتێك به‌ره‌و پیرى ده‌رِوا...

په‌رده‌ى په‌نجه‌ره‌كه‌م

ده‌رگاى ژووره‌كه‌م

ده‌موچاوى ئاوێنه‌كه‌م

ده‌ست و پلى چرپاكه‌م

هه‌موویان قه‌موور ده‌بن و

شێواو به‌ چرچولۆچى...

ته‌نها دڵى من و تۆ نه‌بێ

گه‌نج ده‌مێنێ و تۆخ، تۆخ

به‌ عیشوه‌ى عیشق...ئه‌ى ته‌ریقستان...!

(13)

گه‌ر به‌ قامچى نیتشه‌ قسه‌ نه‌كه‌ین،

دوو په‌رداخ له‌ ته‌رجه‌مه‌ى

چاو پرِ ده‌بێ و

بۆ دانیشتنیش دوو كورسى رِووخۆش،

له‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ش ته‌نها

تامى ته‌ریقه‌تى عیشق چاوه‌رِێ...!

(14)

كه‌ ته‌ریقه‌تم رِه‌نگاڵه‌ى ده‌بێ...

ده‌هشه‌تم له‌ناو له‌پى ته‌رِییا ده‌رِوا،

ئاوێزه‌ به‌ند...

ته‌ماشام له‌ناومشتومرِى گوڵه‌كاندا هاتووچۆ،

موعتاد به‌ رِه‌نگ...

فه‌سڵێك له‌ شه‌ویش ده‌ده‌مه‌

ده‌ستى شه‌مشه‌مه‌كوێره‌،

كه‌ ده‌زانم ئه‌ویش ئه‌هلى ته‌ریقه‌ته‌...!

(15)

ژن خۆى ته‌ریقه‌ته‌...

كه‌ پشتى به‌رد ده‌خورێنێ،

كانى له‌ په‌نجه‌كانییا هه‌ڵده‌قوڵێ...

كه‌قژى دره‌خت به‌ مه‌قه‌ست ده‌رِژێنێ،

ته‌پڵه‌ك و كورسی پێده‌كه‌نێ...

به‌ڵام كه‌ حه‌وسه‌ڵه‌ى،

ده‌خاته‌ناو چوارچێوه‌ىئاگرێك،

مه‌رگ تێلى بۆ ده‌كاو

ته‌نها بۆ چا خواردنه‌وه‌یه‌ك

ده‌چێته‌ دوا ژوانى......!