عه‌لی حسێن فه‌یلی / له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی بیست ساڵه كۆده‌نگی دروست نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی كێ نوێنه‌رایه‌تی زۆرینه یان سه‌رجه‌م فه‌یلییه‌كان بكات ، كۆبوونه‌وه‌ی راوێژكاری ئه‌م دواییه‌ی سێ كوچكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕانی، به به‌شداری لایه‌نه سیاسیه‌كان و نوێنه‌ری پێكهاته‌و كه‌مایه‌تیه‌كان كه له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئه‌نجام درا، دیسان ناوماڵی فه‌یلییه‌كانی شلۆقاند و چه‌ندان كه‌س به مافی خۆیان زانی كه وه‌ك نوێنه‌ر به‌شداری ئه‌و كۆبوونه‌وه بن!!
ئاساییه، گفتوگۆ‌و سازش بناغه‌ی دیموكراسییه و رێككه‌وتنی نێوان گشت لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م پێكهاته‌یه رێپێدراوو پێویست و به‌جێیه، لێ په‌رشوبڵاوی و بێتوانایی ساڵانی رابردوو، نه پارته سیاسیه باڵاده‌سته‌كان و نه حكومه‌تی ناچار به گفتوگۆ‌و سازش له‌مه‌ڕ مافی فه‌یلییه‌كان نه‌كردووه . ئه‌مه له كاتێكدایه، په‌یوه‌ست به‌و باسه، له مێژه پرسه‌كانی مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی كه‌مینه‌كان، بوونه‌ته پرسێكی جیهانی. ده‌ستوری عیراقیش كه له تشرینی یه‌كه‌می 2005 دا په‌سه‌ندكرا، به راشكاوی دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه عیراق وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه، فره ئایین‌و فره تایفه‌یه. به‌پێی ماده‌ی 14 هه‌موو عیراقییه‌كان له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌كسانن بێ جیاكاری .
سیاسه‌ت و ئه‌زموونی نكۆڵی‌كردن و هه‌وڵدان بۆ تواندنه‌وه و له‌ناوبردنی كه‌مینه‌كان، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته به فره ره‌نگ و پێكهاته ناسرابوو، باس له‌وه ده‌كات له 18 ساڵی رابردوو ده‌سه‌ڵات مامه‌ڵەی خراپی له‌گه‌ڵ كه‌مینه و پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینه جیاوازه‌كان كردووه و له ململانێی سیاسی به‌كاریهێناون. به هه‌مان شێوه‌ی دۆخی لایه‌نه باڵاده‌سته‌كان ئه‌مانیش دابه‌شی به‌ره‌ی سیاسی جیاوازن و به پێی كاریگه‌ری خواست و روانگه‌و سیاسه‌تی ئه‌و پارتانه به‌رنامه‌ی كار په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن. به‌رچاوترین نموونه مه‌سه‌له‌ی (كۆتا) یه كه پارته سیاسیه‌كان بوونه‌ته ده‌مڕاستی كه‌مینه‌كان و وه‌ك نوێنه‌ری ئه‌وان خۆیان ناساندووه، تا له‌و رێگه‌وه ژماره‌ی كورسیه‌كانیان زیاد بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه واقعی عیراقه كه كه‌مینه و پێكهاته‌كان له جیات داخوازی و پێداگری له‌سه‌ر چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانیان ، مه‌سه‌له‌ی نوێنه‌رایه‌تی كردن و هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ریش بۆته گرفتی سه‌ره‌كییان.
سه‌باره‌ت به فه‌یلییه‌كان وه‌ك پێكهاته له نێو كورد و كه‌مینه له نێو عه‌ره‌ب ، له ڕوی سیاسییه‌وه ده‌مێكه پڕۆژه‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردنیان له په‌رله‌مانی عیراق شكستیهێناوه . به رامبه‌ر به دوورخستنه‌وه‌یان له پۆست و پێگه له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار ، له كۆی 329كورسی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ، یه‌ك كورسی كۆتا دراوه به فه‌یلییه‌كان . دیاره دابینكردنی ماف ته‌نها به دروشم نابێت، به‌ڵكو به‌ده‌ستپێشخه‌ریی و پڕۆژه ده‌بێت. ئه‌و دۆخه‌ش كاتێك به‌دیدێت كه له ناو ده‌زگاكانی یاسادانان ، جێبه‌جێكردن و جومگه گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا بوونیان هه‌بێ. له ئێستادا ، كه‌سایه‌تیه سیاسی و ئاكادیمیه‌كانی كوردی فه‌یلی ، ئه‌وه باش ده‌زانن كه پارته سیاسیه‌كان له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نیا بیر له سه‌ركه‌وتن ده‌كه‌ن و جیا له كاندید كردنی كه‌سێك به‌ختی سه‌ركه‌وتنی هه‌بێ، بیر له بژارده‌ی دیكه ناكه‌ن. ئه‌و ئه‌زموونه‌شیان هه‌یه كه له دواین هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و كوردستان، كاندیدی كه‌مینه‌كان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ریزی پێشه‌وه‌ی لیستی پاڵێوراوان بووبن ، له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانی حزبه‌كانیانه‌وه ده‌نگیان پێنه‌درا ! ئه‌مه به‌و واتایه كه فه‌یلییه‌كان پاش ده‌یان ساڵ كاری سیاسی و 18 ساڵ كاری مه‌ده‌نی و رێكخراوه‌یی و به‌شدارییان له ده‌یان ۆرك شۆپ و چه‌ندان كۆنگره ، نه‌یاتوانیوه روانگه جیاوازه‌كانیان بخه‌نه خزمه‌ت كاری هاوبه‌ش وهاوسهرۆكایهتی وه‌ك چاره‌سه‌ر ببینن. ته‌نانه‌ت رازی نین كه له كۆبوونه‌وه ره‌سمیه‌كاندا ، هه‌ر جار كه‌سایه‌تی لایه‌نێك ببێته ده‌مڕاست و نوێنه‌ر .
مشتومڕو ركابه‌ری نێوان دیدی نه‌ته‌وه‌یی له‌ته‌ك رێبازی مه‌زهه‌بی ، به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی، جیا له روانگه‌و ئایدیای سیاسی، ناهێلێ فه‌یلییه‌كان بۆ وێنه ؛ داوای ئه‌و خاكه بكه‌ن كه له ده‌ستیانداوه . ناهێلێ له نێو به‌رداشی نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌ب ئازادانه بڕیار بده‌ن. روانگه دوگمه‌كان ، به پێویستی نازانێ له زێد‌و مه‌فته‌نی خۆیان ( ناوه‌راست و باشوور) بۆ ئه‌وه‌ی كه‌لتور و فه‌رهه‌نگ و زمان و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانیان پارێزراو بێت، ناونیشانیان له پێكهاته‌وه بگۆڕێت بۆ كه‌مینه (ئه‌و پێكهاته كورده بەژماره له ناو زۆرینه‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب كه‌مینه‌ن به‌ڵام له رووی مافخوراوی زۆرینه‌ن).
دواجار، ئه‌گه‌ر له ئێستادا ئامانجی بانگهێشت بۆ ئه‌و چه‌شنه كۆبوونه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات، تێكدانی ناو ماڵی كه‌مینه و پێكهاته‌كان بێ، ئه‌وه سه‌ركرده‌كانی پێشووی عیراق به زیادیشه‌وه ئه‌م وڵاته‌یان خستۆته ناو گێژاوی قه‌یران و كاولكاری. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست چاره‌سه‌ر بێ، ئه‌وه عیراق به رێگه‌ی هه‌ڵه‌دا ده‌چێ. نه‌هامه‌تیه‌كان نیشانه‌یه‌كی به‌رچاوی تاڵاوی ئه‌و ناداد پهروهرییهیه كه هاووڵاتیان له سایدا قه‌ره‌بووی زیانه ماددی و مهعنهوهیهكانیان ناكرێن. به گریمانه‌یه‌كی زۆر، له ئاینده‌دا، عیراق ده‌بێته وڵاتی بێ كه‌مینه.