2010-04-22 10:13:02

په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ عێراقه‌وه‌، له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ كوردستانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌كردم، وێڕای‌ پیرۆزباییكردن به‌و بۆنه‌یه‌وه‌، هیوای‌ ئه‌وه‌ی‌ خواست ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ده‌ردی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ ئێران نه‌چێت، چونكه‌ هه‌روه‌ك خۆی‌ باسیكرد، به‌هۆی‌ ئه‌و پشێوی‌‌و نائارامیه‌ی‌ له‌دوای‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامی‌ كۆتایی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ ئێرانه‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدابێت نرخی‌ كاڵا‌و پێداویستییه‌كان له‌بازاڕی‌ شار‌و شارۆچكه‌كاندا، به‌تایبه‌ت له‌تارانی‌ پایته‌ختدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو به‌رزبووه‌ته‌وه‌، هاوكات زۆربه‌ی‌ ئه‌و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ش كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ خرابوونه‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ڕاگیراون‌و وه‌ك پێویست كاریان تێدا ناكرێت.

 

قسه‌كانی‌ ئه‌و براده‌ره‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ ته‌واو له‌جێی‌ خۆیدایه‌، هه‌ڵبژاردنێكی‌ سه‌رنه‌كه‌وتوو جا له‌هه‌ر ڕوویه‌كه‌وه‌ بێت، پشێوی‌‌و نائارامی‌ له‌وڵاتدا به‌دوای‌ خۆیدا ده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش هێمنی‌‌و ئاسایشی‌ سیاسی‌‌و ناوخۆ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئاشكراشه‌ له‌هه‌ر وڵاتێكدا ناسه‌قامگیری‌ ئه‌منی‌ هه‌بێت، كۆمپانیا ده‌ره‌كییه‌كان ڕووی‌ تێناكه‌ن‌و ئاماده‌نین له‌پێناو بڕێك ده‌ستكه‌وتی‌ مادیدا ژیانی‌ كارمه‌نده‌كانیان بخه‌نه‌ لێواری‌ مه‌رگه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌، به‌ڵكو كۆمپانیاكانی‌ ناوخۆش وه‌ك پێویست ناتوانن پرۆژه‌كانیان جێبه‌جێ‌ بكه‌ن، ئه‌زموونی‌ گه‌لانیش ده‌مێكه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی‌ سه‌لماندووه‌.

 

هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بوو، به‌درك كردن به‌بایه‌خی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ ساغ‌و ته‌ندروست له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا، ڕۆژێك به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌عێراقدا، یه‌كێتی‌ به‌ڵێنده‌رانی‌ عێراق به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ده‌ركرد، تێیدا ئه‌و ڕاستییه‌ی‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك خسته‌ڕوو، كه‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیموكراتییانه‌‌و بێ‌ گیروگرفت سیمای‌ حكومه‌ت‌و دانیشتوانی‌ عێراق له‌لای‌ وڵاتانی‌ جیهان جوانتر ده‌كات‌و كاریگه‌ری‌ گرنگیشی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ڕاكێشانی‌ وه‌به‌رهێنه‌ران‌و سه‌رمایه‌ی‌ بیانی‌ بۆ ناو وڵات.

 

سه‌ركه‌وتنی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن سه‌قامگیری‌ سیاسی‌‌و ئاسایش له‌وڵات زیاتر ده‌كات، ئه‌و دوو سه‌قامگیریه‌ش به‌شێكن له‌بنه‌ما به‌هێزه‌كانی‌ پێشكه‌وتنی‌ ئابووری‌ له‌هه‌ر وڵاتێكدا.

 

ئێستاش كه‌ قۆناغی‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌، كاتی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ نوێیه‌ له‌عێراقدا، جێی‌ خۆیه‌تی‌ له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنی‌ زیاتری‌ ئابووری‌ وڵاتدا، په‌رله‌مانی‌ عێراق چاكردنی‌ باری‌ ئابووری‌‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ بژێوی‌ هاوڵاتییان بكاته‌ كاری‌ یه‌كه‌می، پاڵێوراوانی‌ لیسته‌ جیاجیاكان له‌گه‌ڵ‌ گه‌یشتنیان به‌هۆڵی‌ په‌رله‌مان كاربكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ كه‌ به‌ر له‌هه‌ڵبژاردن به‌ده‌نگده‌رانیان داوه‌، لای‌ هه‌مووانیش ڕوون‌و ئاشكرایه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ به‌ڵێنه‌كان له‌چوارچێوه‌ی‌ دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كان‌و نه‌هێشتنی‌ كێشه‌ی‌ نیشته‌جێبووندا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌.