2010-10-24 06:52:31

قه‌زای خانه‌قينه‌، سه‌رباری ئه‌و  بێخزمه‌تگوزاريه‌ی كه‌ له‌هه‌موو  بواره‌كاندا ‌ به‌خۆيه‌وه‌ ده‌يبينێت، ئێستا بۆته‌ مۆڵگه‌ی تيرۆرستان و  ترسێكی زۆر كوردنشينه‌كانی ئه‌و ناوچه‌يه‌ی گرتۆته‌وه‌ به‌و  هۆيه‌ زۆرێك له‌ هاوڵاتييه‌ كورده‌كان ماڵ و حاڵی خۆيان به‌جێهێشتووه‌و ڕوويان له‌و‌ ناوچانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندان، ئه‌ويش له‌به‌ر ئه‌و  ئاراميه‌ی كه‌ له‌ته‌واوی هه‌رێمدا فه‌راهه‌م هاتووه‌. بۆ له‌نزيكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌و بارودۆخه‌ی كه‌ له‌و ناوچه‌نه‌دا به‌تايبه‌تی شارۆچكه‌ی جه‌له‌ولا هاتۆته‌ ئاراوه‌ له‌لێدوانێكی تايبه‌تدا  بۆ ماڵپه‌ڕی شه‌فه‌ق قائيم مه‌قامی قه‌زای خانه‌قين هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سياسه‌ته‌ چه‌وته‌ی كه‌ رژێمی به‌عس له‌و ناوچه‌نه‌دا به‌رامبه‌ر به‌كورد په‌يره‌وی ده‌كرد و تاوه‌كو ئێستاش كاردانه‌وه‌ی سياسی و ئه‌منی خۆی هه‌يه‌ و هه‌ندێك له‌به‌رپرسانی حكومه‌تی به‌غداش به‌تايبه‌تی دياله‌ درێژه‌ پێده‌ری ئه‌وسياسه‌تانه‌ن و له‌هه‌وڵدان بۆ به‌زۆر كۆچپێكردنی هاوڵاتيانی كوردنشينی ناوچه‌كانی جه‌له‌ولاو قه‌ره‌ته‌په‌و سه‌عديه‌ و ده‌ورووبه‌ری.محمدی مه‌لا حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ هێزه‌ ئه‌منيه‌كانی شارۆچكه‌ی جه‌له‌ولا كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ سوپا و پۆليسی عێراقی ته‌نها له‌يه‌ك پێكهاته‌ی ئه‌و ناوچانه‌ درووست بوون كه‌ ئه‌مه‌ش نيگه‌رانی لای هاوڵاتيه‌ كورده‌كان درووست كردووه‌و هێزه‌ ئه‌منيه‌كانيش جياوازيه‌كی زۆر ده‌كه‌ن له‌ نێوان پێكهاته‌كانی شارۆچكه‌ی جه‌له‌ولادا له‌رووی ئيش وكاره‌ ئيداريه‌كان وله‌  هه‌ندێ بواره‌ی ديكه‌دا.هه‌روه‌ها تيشكيشی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ده‌قی ياسای عێراقيدا هاتووه‌ كه‌ به‌رێوبه‌رايه‌تی پۆليس سه‌ربه‌قه‌زايه‌ نه‌وه‌ك ناحيه‌،به‌ڵام لێره‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوورو ياسای عێراقی به‌رێوبه‌رايه‌تی پۆليس له‌ ناحيه‌ی جه‌له‌ولا به‌بێ پرس وڕاو گه‌رانه‌وه‌ بۆ قه‌زای خانه‌قين راسته‌وخۆ دامه‌زراوه‌،وه‌هه‌روه‌ها تێكچوونی بارودۆخی ئه‌منيشی گه‌رانده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ دامه‌زراندنی هاوڵاتيان به‌ سه‌ربازو پۆليس به‌شێوه‌يه‌كی قانونی نه‌بووه‌ هه‌موو ئيش و كاره‌كان به‌ده‌ستی سه‌رۆك عه‌شيره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كانی ئه‌و ناوچانه‌وه‌ بووه‌وو كورديان به‌شێوه‌يه‌كی به‌رچاوو پشتگوێ خست. قائيم قامی قه‌زای خانه‌قين هێمای به‌وه‌شكرد له‌ئه‌نجامی ئه‌و سياسه‌ته‌ هه‌ڵه‌يه‌ی كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند له‌ناوچه‌ دابڕاوه‌كاندا  له‌نێويشياندا شارۆچكه‌ی جه‌له‌ولا په‌يره‌وی ده‌كرد ئه‌و تێكچوونه‌ له‌رووی بارودۆخی ئه‌منيه‌وه‌ روويداو زه‌ره‌رمه‌ندی يه‌كه‌ميش هاوڵاتيه‌ كورده‌كانن، ئه‌گينا هيچ كاتيك هاوڵاتيه‌ عه‌ره‌به‌كان ته‌هديدی كورده‌كانيان نه‌كردووه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ ژياون و هێچ كێشه‌يه‌ك له‌نێوانياندا رووی نه‌داوه‌.له‌لايه‌كی ديكه‌وه‌ يه‌كێك له‌به‌رپرسان له‌ناحيه‌ی جه‌له‌ولاوه‌ به‌شه‌فه‌قی راگه‌ياند كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ناو شارۆچكه‌ی جه‌له‌ولا هاوڵاتيانی كورده‌،له‌ترسی پاراستنی ژيانيان ناوچه‌كانی خۆيان به‌جێهێشتووه‌و روويان له‌ناوچه‌ زۆر ئه‌مينه‌كان كردووه ‌. جه‌لال پاڵانی جگه‌ له‌ده‌ربرينی نيگه‌رانی له‌به‌ر تێكچوونی بارودۆخی ئه‌منی ته‌ئكيد له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كان به‌بێ كێشه‌ وه‌كو برا پێكه‌وه‌ ده‌ژين، نايانه‌وێت بارودۆخ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ دواوه‌ وه‌كو سه‌رده‌می رژێمی پێشوو. پاڵانی ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ شارۆچكه‌ی جه‌له‌و لا به‌رده‌وام خێزانی عه‌ره‌بی بۆ هاورده‌ ده‌كرێت وه‌هاوڵاتيانی كورديش به‌پێچه‌وانه‌وه‌،ووتيشی ته‌نها دوو تاسێ گوند له‌ناوچانه‌دا كورديان تێداماوه‌و نيشته‌جێن.جه‌لال پاڵانی له‌رێی شه‌فه‌قه‌وه‌ داوا له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌كات به‌زووترين كات هه‌وله‌كانی خۆيان چڕبكه‌نه‌وه‌ بۆ باشتركردنی بارودۆخی ئه‌منی ئه‌وناوچانه‌ به‌تايبه‌تی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌كورديان تێدا نيشته‌جێبووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ترسه‌ی لايان درووست بووه‌ بڕه‌وێته‌وه‌ و هه‌ست به‌ئارامی بكه‌ن و وه‌هه‌وڵيش بدرێت وه‌كو داواكاری هاوڵاتيانی ناوچه‌كه‌ به‌كوردو عه‌ره‌به‌وه‌ كێشه‌ی ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان به‌پێی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری هه‌ميشه‌ی عێراقی فيدراڵ چاره‌سه‌ بكرێت.نووسه‌رو راگه‌ياندكار ئيبراهيم باجه‌لان ئه‌ويش به‌هه‌مان شێوه‌ هۆكاری كۆچكردنی هاوڵاتيه‌كورده‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ی گه‌رانده‌وه‌ بۆ نه‌بوونی خزمه‌ت گوزرای پێويست و تێكچوونی بارودۆخی ئه‌منی.ئه‌وه‌شی راگه‌ياند كه‌ دانانی هه‌ندێك بازگه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌ی جه‌له‌ولا له‌لايه‌ن هێزه‌كانی سوپا و پۆليسی عێراقيه‌وه‌ تا ئاستێك خه‌ريكه‌ بارودۆخی ئه‌منی كه‌مێك به‌ره‌و باشبوون بچێت.جێی ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ شارۆچكه‌ی جه‌له‌ولا له‌كاتی ئێستادا ژماره‌ی دانيشتووانی نزيكه‌ی 76 هه‌زار كه‌س ده‌بێت و يه‌كێكه‌ له‌و شارۆچكانه‌ی كه‌ سه‌دام به‌مه‌به‌ستی ته‌عريبكردنی له‌رووی ئيدارييه‌وه‌ خستيه‌ سه‌ر پارێزگای دياله‌.