2010-09-26 19:54:30

خراپ ره‌خساندووه‌ له‌وانه‌ پێشێلكردنی ده‌ستووری عیراقی و پێكنه‌هێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق، كه‌ئه‌و دوو بواره‌ چاره‌نووسسازن بۆ ئه‌مڕۆ ئاینده‌ی عیراق، به‌تایبه‌تی پێشێلكردنی ده‌ستوور له‌به‌رئه‌وه‌ی چۆنیه‌تی پێكهێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌لاته‌كان و بنه‌مای ده‌ستاو ده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌لات و مافی ئازادی و بنه‌ماكانی سیستمی حوكمڕانی عیراقی نوێی تیادا دیاریكراوه‌.

پێشێلكردنی ده‌ستوور

بۆیه‌ پێشێلكردنی ده‌ستوور یه‌كێكه‌ له‌هه‌ره‌ ده‌رئه‌نجامه‌ خراپه‌كان كه‌ به‌ڕێكنه‌كه‌وتن و ته‌وافوق نه‌كردن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و یه‌كتری قبوڵ نه‌كردن هێزه‌ سیاسییه‌ عیراقیه‌كانی زه‌مینه‌ی بۆ ده‌ڕخسێنن، چونكه‌ له‌لایه‌ك ده‌ستوور بالاترین یاسایه‌ له‌عیراق و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ شه‌رعیه‌تی جه‌ماوه‌ری به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و راپرسییه‌ی كه‌بۆیكراوه‌. به‌واتایه‌كی تر پێشێلكردنی ده‌ستوور پێشێلكردنی ئیراده‌ی گه‌لانی عیراقه‌، له‌هه‌مانكاتدا ده‌ستوور هه‌میشه‌ وه‌ك مه‌رجه‌عێك له‌لایه‌ن هێزو لایه‌نه‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و كردنه‌وه‌ی گرێ كوێره‌كان. لێره‌شدا به‌پێشێلكردنی ده‌ستوور ئه‌و پرسیاره‌ دێته‌ ئاراوه‌ ئاخۆ له‌دوای ده‌ستوور چ مه‌رجه‌عیه‌تێك ده‌كرێته‌ بنه‌ماو سه‌رچاوه‌و بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان؟ جێگره‌وه‌ی ده‌ستوور چی ده‌بێت بۆ راگرتنی عیراقێكی فره‌ جۆرو پێكهاته‌؟

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌شێت و ره‌وایه‌ عیراقی نوێی دوای مێژوویه‌كی تاڵی دیكتاتۆریی و نه‌بوونی ژیانی ده‌ستووریی له‌پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی وه‌ك هه‌ڵبژاردنداو له‌یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌یدا پێشێلكردنی ده‌ستووری لێبكه‌وێته‌وه‌!!

لێره‌دا هێزو سیاسییه‌ عیراقیه‌كان له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورسدان ئه‌ویش پاراستن و رێگرتنه‌ له‌ده‌ستوورو ئیراده‌ی گه‌لانی عیراق و پاراستنی ئاینده‌ی عیراق، چونكه‌ له‌ پێشه‌كی ده‌ستووره‌كه‌و له‌دوایین دێڕیدا چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هه‌یه‌ چاره‌نووسی عیراقی پێوه‌ گرێدراوه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌ رێزگرتن و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور زامنی پاراستنی یه‌كێتی عیراق له‌ڕووی گه‌ل و سیاده‌و خاكه‌وه‌، دیاره‌ ده‌ستووردانه‌ر به‌ئاگابووه‌ له‌ باردۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌لایه‌تی عیراق، بۆیه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ی خزاندۆته‌ ناو ده‌ستووره‌كه‌وه‌ تاوه‌كو له‌لایه‌ك وه‌ك بنه‌مایه‌كی رێگر بێت له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی پێشێلكردنی ده‌ستوورو له‌ هه‌مانكاتیشدا ئه‌و زه‌نگه‌ بێت بۆ هێزو پێكهاته‌كانی عیراق كه‌ له‌ دوای ده‌ستووری عیراق هیچ زه‌مانه‌تێك نامێنێت بۆ پاراستنی عیراق و یه‌كێتییه‌كه‌ی چ له‌ڕووی خاك بێت یان گه‌ل بێت.

 

پێكنه‌هێنانی ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێكردن

له‌ به‌رامبه‌ریشدا پێكنه‌هێنانی ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێكردن له‌ واده‌ی ده‌ستووریی خۆی، عیراق رووبه‌ڕووی قه‌یرانی بۆشایی ده‌سه‌لات ده‌كاته‌وه‌و ده‌بێته‌ هۆی ئیفلجكردنی پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی و گرنگی ده‌سه‌لات، چونكه‌ ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێكردن كه‌ پێكدێت له‌ سه‌رۆكی كۆمارو حكومه‌ت به‌رپرسن له‌ جێبه‌جێكردنی راسته‌وخۆی سیاسه‌ته‌ گشتییه‌كانی عیراق و سه‌رۆكی وه‌زیران سه‌ركرده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراقه‌، سه‌رۆكی كۆمار پارێزه‌ری پابه‌ندبوونه‌ به‌ ده‌ستوورو پاراستنی سه‌ربه‌خۆی عیراق، بۆیه‌ ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێكردنی به‌ تایبه‌تیش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دوو بواری گرنگ به‌ڕێوه‌ده‌بات یه‌كه‌میان بواری سیاسه‌تی گشتییه‌ له‌ڕووی سیاسی و ئابووریی و كۆمه‌لایه‌تی و لایه‌نه‌كانی ترو دووه‌میان بواری سه‌ربازیی و به‌رگریكردنه‌ له‌ عیراق و دۆسێی ئه‌منی، بۆیه‌ هه‌ریه‌ك له‌و بوارانه‌ راسته‌وخۆ گرێدراوه‌ به‌ هاوولاتیانی عیراق و چاره‌نووسی وه‌ك ده‌وڵه‌ت به‌ تایبه‌تی له‌ پاش كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكاو وه‌گرتنه‌وه‌ی دۆسێی ئاسایش كه‌ دۆسێیه‌كی گرنگه‌و به‌رگه‌ی بوونی بۆشایی له‌ حكومه‌ت و پێكهاته‌كانی ناگرێت له‌گه‌ڵ بواره‌ ژیانیه‌ گرنگه‌كانی تر وه‌ك خزمه‌تگوزاریی و بودجه‌و وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، چونكه‌ له‌ دۆخێكی سیاسی وادا وه‌به‌رهێنان ناكرێت و كۆمپانیاو دامه‌زراوه‌ ئابوورییه‌كان ناتوانن روو له‌ عیراق بكه‌ن و وه‌به‌رهێنان ئه‌نجامبده‌ن.

كاریگه‌ریی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هاوولاتیانی عیراق مافی خۆیانه‌ كه‌ ببنه‌ خاوه‌نی دامه‌زراوه‌كان و له‌كات و واده‌ی خۆیدا ده‌سه‌لاته‌كان بنیاتبنرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر دواكه‌وتنێك كاریگه‌ری راسته‌وخۆی بۆ سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی ئه‌وان ده‌بێت هه‌ر له‌و بواره‌شدا و له‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی دوای ده‌ستوور به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكرێت ده‌رئه‌نجامی خراپی بۆ دوارۆژ لێده‌كه‌وێته‌وه‌و په‌یامێكی خراپ به‌ هاوولاتیان ده‌دات كه‌ دیموكراسی و ئامرازه‌كانی ناتوانێت چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكات و ئارامی له‌ولاتدا بچه‌سپێنێت كه‌ ئه‌مه‌ش خاڵێكی زۆر مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ بنه‌مای عیراقی نوێ ژیانی دیموكراسی و دامه‌زراوه‌ییه‌ كه‌ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق پشتیان پێی به‌ست بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری له‌ڕژێمی سیاسی عیراق و له‌ناوبردنی رژێمی پێشوو له‌به‌رئه‌وه‌ له‌هه‌ر بارێكدا بێت هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌تایبه‌تی هێزه‌ عه‌ره‌بیه‌كان نابێت متمانه‌ی شه‌قامی عیراقی له‌ده‌ست بده‌ن و به‌ دوور نازانرێت كه‌ پرسیارێكیان لادروست بێت گه‌ر له‌ ئه‌مڕۆدا رێكنه‌كه‌ون و نه‌توانن حكومه‌ت پێكبهێنن ئه‌وا له‌ خولێكی تری هه‌ڵبژاردن له‌وانه‌یه‌ شه‌ڕی ناوخۆی لێبكه‌وێته‌وه‌؟

هه‌روه‌ها درێژه‌كێشانی ئه‌م دۆخه‌ی پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی عیراق دروست ده‌كات به‌ تایبه‌تی بۆ سیستمێكی سیاسی نوێی وه‌ك ئه‌مڕۆ له‌ عیراقدا هه‌یه‌ كه‌ گرنگه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ولاتانی دنیا ئاسایی بكاته‌وه‌و په‌یوه‌ندی نوێ گرێبدات و كێشه‌و پابه‌ندییه‌كانی به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ولاتانی دراوسێ و ئه‌وانه‌ی كه‌ پێشتر كێشه‌یان له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه‌ به‌جێبهێنێت، چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر دروستكردنی ئارامی سیاسی و بوژانه‌وه‌ی ئابووریی و به‌گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆرو سه‌رجه‌م دۆسێیه‌كانی تر.

له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌م دۆخه‌ی ئه‌مڕۆ كاریگه‌ری سیاسی بۆ سه‌ر عیراق و ئاینده‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

*پارێزه‌ر