2015-11-03 19:04:46

سایتی ئه‌لیكسا یه‌كێكه‌ له‌و ‌پێوه‌رانه‌ كه‌ پشتیان پێ ده‌به‌سترێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ نرخی رێكلام له‌م سایتانه‌ دیارى ده‌كرێت.

سایتی ئه‌لیكسا www.alexa.com سایتێكى ئه‌لیكترۆنی سه‌ر به‌ كۆمپانیاى ئه‌مازۆنى ئه‌مریكى نێودار و به‌ربڵاوه‌، ئه‌م سایته‌ تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ دیاریكردنى ئامار و ڕیزبه‌ندى سایته‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان وشیكردنه‌وه‌ و گه‌ڕان به‌دواى ئاماره‌كردنى ژماره‌ى به‌سه‌ركه‌رانى.. ئه‌م ناوه‌ش(ئه‌ليكسا) بۆ ناوى كتێبخانه‌ى ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ وه‌كوو یه‌كه‌م كتێبخانه‌یێك له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تیدا.

  

به‌هۆى ‌گرنگیى ڕیزبه‌ندى هه‌ر سایتێك له‌ سه‌ر سایتی ئه‌لیكسا، هه‌ندێك له‌ خاوه‌ن سایته‌كان په‌نایان بردۆته‌ به‌ر چه‌ند ڕێوشوێنێكى ناڕه‌وا بۆ به‌رزكردنه‌وى ناوى سایته‌كانیان له‌و ڕیزبه‌ندیه‌دا و به‌م شێوه‌یه‌ ئێستا هه‌ندێكیان پێگه‌یێكى به‌رزیان به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌و ڕیزبه‌ندیه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق.

پاش په‌ره‌سه‌ندنی گرنگی ڕیزبه‌ندی ئه‌لیكسا بۆ خاوه‌ن سایته‌كان، چه‌ند كۆمپانیایێك په‌یدابوون كه‌ فرۆشتنی "سه‌ردانی وه‌همی"یان بۆ سه‌ردانی سایته‌كانیان كردۆته‌ پیشه‌ به‌ چه‌ند ڕێگه‌یێكدا، به‌نێوبانگترینیان تایبه‌ته‌ به‌ زیادكردنی ژماره‌ى سه‌ردان له‌ یه‌كێك له‌ شوێنه‌كانی عه‌مباركردنی دۆسیه‌كان كه‌ به‌ سێرڤه‌ر ده‌ناسرێت وده‌توانێت ژماره‌یێكى ئێجگار گه‌وره‌ى سه‌ردان تۆماربكات.

عه‌لی نه‌جم پسپۆر له‌ بوارى سایته‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان به‌ سایتى "شه‌فه‌ق نیوز" ڕایگه‌یاند كه‌ "هه‌ندێك سایتى ئه‌لیكترۆنی ده‌نگوباس یان كۆمه‌ڵایه‌تى په‌نایان بردۆته‌ به‌ر شێوازى به‌شداریكردن له‌ سایته‌كانیان، كه‌ ئه‌مه‌ش سه‌ردانی وه‌همی زۆریان بۆ فه‌راهه‌م ده‌كات و"ڕانك"ه‌كه‌یان له‌ سایتى ئه‌لیكسا به‌رزده‌كاته‌وه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ بینیمان كه‌ هه‌ندێك له‌ سایته‌كان له‌سه‌رووى ڕیزبه‌ندى سایته‌كانه‌وه‌ن له‌ سه‌ر ئاستی عێراق وجیهان وئه‌مه‌ش شتێكى ئاشكراو ڕوونه‌ بۆ پسپۆره‌كانى ئه‌م بواره‌".

نه‌جم وتیشى له‌ گه‌ل بوونى زیاتر له‌ ملیارێك سایتى ئه‌لیكترۆنی له‌ جیهاندا، مه‌عقوول نیه‌ كه‌ سایتێكى عێراقی بگاته‌ ژماره‌ى هه‌زاره‌هه‌مین یان دووهه‌زار یان هه‌تاكوو ده‌هه‌زار سایت له‌و ڕیزبه‌نديدا، دیاریشه‌ كه‌ به‌كارهێنه‌رانی تۆڕى ئینته‌رنێت له‌ عێراق سنووردارن.

زیاتر وتیشى كه‌ زۆربه‌ى ئه‌و سایتانه‌ى په‌نا بۆ ئه‌و فێڵانه‌ ده‌به‌ن له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستانن.

له‌ به‌دواداچوونى "شه‌فه‌ق نیوز" سه‌باره‌ت به‌و سایتانه‌ كه‌ سه‌ردانی وه‌همى دابین ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ سایتی وا هه‌یه‌ مانگانه‌ سه‌ردانی وه‌همى به‌ 100 دۆلار تا ده‌گاته‌ 3 هه‌زار دۆلار ده‌فرۆشێت.

به‌گوێره‌ى قسه‌كانى نه‌جم زۆربه‌ى سایته‌ خاوه‌ن هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ به‌رزه‌كان له‌ ئه‌لیكسا له‌ چوارچێوه‌ى پلانی ساڵانه‌یان به‌شدارى ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش پێویسته‌ ساڵانه‌ ئابوونه‌‌یێك بده‌ن كه‌ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 30 هه‌زار دۆلار.

له‌لاى خۆیه‌وه‌ سامان جاف پسپۆر له‌ به‌رنامه‌سازى سایته‌كان ئه‌وه‌ى بۆ "شه‌فه‌ق نیوز" ده‌سنیشانكرد كه‌ جیاوازیێكى گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان ئاماره‌كانی گوگل وسایتی ئه‌لیكساى سه‌ر به‌ كۆمپانیاى ئه‌مازۆن. ئه‌و ده‌ڵێت له‌ سایتى گوگل كه‌ متمانه‌دارترینه‌ له‌ جیهاندا، ده‌بینین ئه‌و سایتانه‌ كه‌ پۆلینكراون وه‌كوو باشترین بیست سایت له‌ لایه‌ن سه‌ردانه‌وه‌ به‌ گوێره‌ى سایتی ئه‌لیكسا له‌ ریزى نێوان صفر تا 3ن، ئه‌مه‌ش لۆژیكترین واقعیترینه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان خسته‌ پێش چاو كه‌ زۆربه‌ى ئه‌م سایتانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هه‌رێمى كوردستانن كه‌ ژماره‌ى دانیشتوانى پێنج ملیۆن كه‌سه‌ به ‌به‌راورد له‌گه‌ل عێراق.

ئه‌وه‌ش ده‌بینرێت كه‌ سایته‌ كوردیه‌كان ڕووماڵكردنیان لایه‌نى ناوخۆى گرتووه،‌ چونكه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانیان زیاتر به‌ زمانی كوردی و به‌شێوه‌زارى سۆرانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، و به‌ هۆى پێكهاته‌ سیاسیه‌ ئاڵوزه‌كه‌ى كوردستان، بینه‌ر و به‌سه‌ركه‌رانی ئه‌م سایتانه‌ دابه‌شىسه‌رناوچه‌كانن به‌ گوێره‌ى هه‌ر دام وده‌زگایه‌ك وبه‌گوێره‌ى لایه‌نگرى وئاڕاسته‌كانیان.

جاف زیاتر ده‌ڵێت یه‌كێك له‌و سایته‌ كوردیانه‌ كه‌یه‌كێكه‌ له‌ به‌رزترین 10 سایت له‌عیراقدا؛ له‌ پۆلینكردنى سایتى گوگل كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی سایته‌كان نمره‌ (0)ى پێدراوه‌ و ئه‌وه‌ى پرسى: ئایا ده‌كرێت سایتێكى ئه‌لیكترۆنى له‌ ریزبه‌ندیدا بكه‌وێته‌ پێش سایتى تویته‌رى جیهانی یان ته‌نانه‌ت سایته‌ سێكسیه‌كانیش؟

سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى بوونى سایتێكى زۆر كه‌ نمره‌ى زۆر كه‌میان له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى گوگڵ وه‌رگرتووه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى سایتى ئه‌لیكسا وسایته‌كانی دیكه‌، جاف ده‌ڵێت "سایتى گوگڵ چه‌ند پێوه‌رێكى تایبه‌تى به‌كارهێناوه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی سایت له‌وانه‌ش ده‌بێت هیچ په‌یوه‌ندیێكى نه‌بێت به‌و سایتانه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ فرۆشتنی سه‌ردانی وه‌همی و به‌رزكردنه‌وه‌ى (ڕانك) له‌ سایتی ئه‌لیكسا، به‌ڵام زۆربه‌ى سایته‌ كوردیه‌كان و هه‌ندێك سایتی عێراقییش په‌نایان بۆ ئه‌م ڕێگه‌یانه‌ بردووه‌ بۆ ركابه‌رى وهه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ڕێكلام.

   هه‌روه‌ها جاف وتى كه‌ "كۆمپانیا ناودار‌ و ڕه‌سه‌نه‌كان بۆ رێكلامكردن پشت به‌و سایتانه‌ ده‌به‌ستن كه‌ به‌گوێره‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنی گوگڵ یان له‌ ڕێگه‌ى سێرڤره‌كه‌یان كه‌ ورده‌كارى ڕاست ودروست پێشكه‌ش ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ سه‌ردانیان ده‌كه‌ن زانيارى ئه‌دا دوور له‌ زانيارى كۆمپانیاكانی سه‌ردانى وه‌همى".