2010-10-07 10:31:46

رازینابێت به‌وه‌ی‌ حكومه‌ت پاوانبكرێت له‌لایه‌ن تاقمێك یان شه‌خسێكه‌وه‌،

 

دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری‌ (تایم) ی‌ ئه‌مریكی‌، كه‌ ئه‌مرۆ بلاَوبوه‌ته‌وه‌، باس له‌ گۆڕانكارییه‌كانی‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ عێراق و دوایین سه‌ردانی‌ خۆی‌ بۆ به‌غدا ده‌كات.

 

گۆڤاره‌كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ چاوپێكه‌تنه‌كه‌ ده‌نوسێت، ئه‌وه‌ی‌ ئێستا سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ ته‌كنۆكراتێكی‌ سیاسی‌ نا ته‌قلیدیه‌، كه‌ ئاشنایه‌ به‌ ڕووداوه‌كانی‌ عێراق و پێشتر له‌ به‌غدا پۆستی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوه‌.

 

هه‌رله‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت هۆشیاری‌ ئه‌وه‌شده‌دات كه‌ نابێت سوننه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ داهاتووی‌ عێراق

بێت چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ كاره‌ زیانێكی‌ گه‌وره‌ به‌ سه‌قامگیری‌ ولاَت ده‌گه‌یه‌نێت.

 

له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وتیش سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت جارێكی‌ دیكه‌ داوا له‌ به‌غدا ده‌كات، رێز له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی‌ كورد بگرێت و سیاسه‌تی‌ نه‌وتی‌ ناوه‌ندیش به‌ فاشیل وه‌سفده‌كات.

 

"كوردبون" پرسیارێكی‌ دیكه‌ی‌ گۆڤاره‌ ئه‌مریكیه‌كه‌یه‌ له‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، د. به‌رهه‌م-یش له‌وه‌لاَمدا ده‌ڵێت ئه‌وكاته‌ باش هه‌ستی‌ پێده‌كه‌یت كه‌ پێت ده‌ڵێن تۆ كورد نیت.

 

خه‌ندان ده‌قی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌گه‌ڵ گۆڤاری‌ تایم بلاَوده‌كاته‌وه‌:

سازدانی‌: چارڵس مێكدێرمت-هه‌ولێر

 

تایم: كورد بون چ مانایه‌ك لای‌ تۆ ده‌گه‌یه‌نێت؟

به‌رهه‌م ساڵح: پێم وایه‌ وه‌لاَمی‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌لای‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ جیاوازتره‌. به‌لاَم بۆ نه‌وه‌ی‌ من كوردبون به‌ واتای‌ چه‌وسانه‌وه‌ی‌ جینۆسیاد و پاكتاوی‌ ره‌گه‌زی‌ و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ ناسنامه‌ دێت. ئه‌و كاته‌ باشتر هه‌ست ده‌كه‌یت كه‌ كوردبون چییه‌، كه‌ پێت ده‌ڵێن تۆ كورد نیت. كاتێك ته‌ماشای‌ خه‌ڵكانی‌ چوارده‌وری‌ خۆم ده‌كه‌م ده‌بینم خه‌ڵك ولاَت و ئالاَو كورسیان هه‌یه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، ده‌پرسم "بۆچی‌ من نیمه‌" وه‌لاَمه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ من كوردم.

 

تایم: كورد له‌ عێراق سه‌ربه‌خۆی‌ ده‌وێت؟

به‌رهه‌م ساڵح: به‌ڵی‌، هه‌موو كوردێك خه‌و به‌ سه‌ربه‌خۆبونه‌وه‌ ده‌بینێت. به‌لاَم ژیان ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ تۆ چیت ده‌وێت، ژیان بریتیه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ تۆ چیت پێده‌كرێت به‌و شتانه‌ی‌ كه‌ هه‌ته‌. من باوه‌رم وایه‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ دروستمان داوه‌ بۆ به‌رده‌وام بون و كاركردن له‌ عێراقێكی‌ دیموكراتی‌ فیدراڵدا- عێراقێك كه‌ گه‌ره‌نتی‌ ناسنامه‌ی‌ كوردی‌ بكات- گه‌ر هه‌وڵی‌ ده‌وڵه‌تیشمان بدایه‌ ئه‌وا گرتنه‌ به‌ری‌ گه‌شتێكی‌ قورسی‌ ئه‌نجام نادیاربوو. كاركردن بۆ عێراقێكی‌ فیدراڵ ئه‌نجام و ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ دیاره‌ و من دڵنیاشم كه‌ زۆرینه‌ی‌ كورد له‌گه‌ڵ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌دایه‌. ماوه‌ته‌وه‌ ببینین ئایا عێراق به‌راستی‌ به‌ره‌و ولاَتێكی‌ دیموكراتی‌ راسته‌قینه‌ی‌ فیدراڵ ده‌ڕوات.

 

تایم:به‌رای‌ تۆ چه‌ند ماوه‌ بۆ دروست بونی‌ حكومه‌تێكی‌ نوێ‌ له‌ به‌غدا؟

به‌رهه‌م ساڵح: نازانم، به‌لاَم هیوادارم درێژه‌ نه‌كێشێت، چونكه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت له‌ عێراق زۆری‌ خایاندوه‌، له‌كاتێكدا ولاَت به‌ نه‌بونی‌ ئاسایش و خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ره‌تیه‌كانه‌وه‌ ده‌تلێته‌وه‌. ئه‌م درێژخایه‌نه‌ش جێگای‌ شه‌رم و شه‌رمه‌زارییه‌.

 

تایم:تۆ له‌م ماوه‌یه‌دا چویته‌ به‌غداو چاوت به‌ سه‌رۆك وه‌زیران مالیكی‌ كه‌وت، ئایا هیچ داوایه‌كی‌ تایبه‌تت پێبو وه‌ك سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر پشتگیری‌ كردنیدا؟

به‌رهه‌م ساڵح: من سه‌رۆك وه‌زیران مالیكیم بینی‌، هه‌رچه‌نده‌ گفتوگۆكانمان ره‌سمی‌ نه‌بوو، به‌لاَم پێكهێنانی‌ حكومه‌ت كركۆی‌ قسه‌كانمان بوو. داوام لێكرد كه‌ پێویسته‌ به‌ده‌م داخوازییه‌كانی‌ لیسته‌ كوردستانیه‌كانه‌وه‌ بێت.هه‌روه‌ها هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا جه‌ختم كرده‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ داهاتوو ده‌بێت حكومه‌تێكی‌ بنكه‌فراوانی‌ گشتگیر بێت و شه‌راكه‌تێكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ هێزی‌ تێدا به‌دی‌ بێت.

 

تایم: ئایا پشتگیری‌ كردنی‌ سه‌در بۆ مالیكی‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر پێگه‌ی‌ كورد له‌ حكومه‌تی‌ داهاتوی‌ عێراقدا؟

به‌رهه‌م ساڵح: ئێمه‌ داوای‌ گه‌ره‌نتی‌ له‌ هه‌ر حكومه‌تێكی‌ داهاتو ده‌كه‌ین كه‌ پابه‌ندبێت به‌ده‌ستور و جێبه‌جێكردنی‌ حوكمی‌ قانون. ئێمه‌ ده‌بێت به‌شێكی‌ سه‌ره‌كی‌ بین له‌ بریاردان:هیچ كات رێگه‌ ناده‌ین تاقمێك یان شه‌خسێك حكومه‌ت له‌سه‌رخۆی‌ پاوان بكات. ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تیه‌كی‌ ده‌سته‌جه‌معی‌ و حكومه‌تێكی‌ كابینه‌یی‌.

 

تایم: ئایا ئێستا له‌ به‌غدا هیچ ترسێك هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ سوننه‌ پاشه‌كشێ‌ بكات و جارێكی‌ دیكه‌ حكومه‌تێكی‌ شیعه‌-كورد دروست بێته‌وه‌؟

به‌رهه‌م ساڵح: سه‌قامگیری‌ عێراق به‌نده‌ به‌ دروستكردنی‌ حكومه‌تێكی‌ بنكه‌ فراوان كه‌ ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ به‌سه‌ر پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ عیرَاقدا دابه‌ش كرابێت. بێبه‌شكردنی‌ سوننه‌ گورزێكی‌ كوشنده‌ ده‌بێت له‌ سه‌قامگیری‌ عێراق و گێڕانه‌وه‌ی‌ ولاَته‌ بۆ ناكۆكی‌ تائیفی‌.

 

تایم: ئایا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌نیازه‌ داوای‌  سازش له‌لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان بكات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ شوێنه‌ جێناكۆكه‌كان و به‌تایبه‌تی‌ كه‌ركوكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌نه‌وت؟

به‌رهه‌م ساڵح : ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ نوێ‌ واجبه‌ ده‌ستورییه‌كانی‌ جێبه‌جێبكات. له‌رێگه‌ی‌ سڕینه‌وه‌ی‌ ئاسه‌واره‌كانی‌ پاكتاوی‌ ره‌گه‌زی‌ كه‌ له‌لایه‌ن رژێمی‌ سه‌دامه‌وه‌ له‌كه‌ركوك جێبه‌جێكراوه‌.پێده‌چێت تۆ ئه‌مه‌ ناوبنێت سازش و ته‌نازول، من به‌مه‌ ده‌ڵێم جێبه‌جێكردنی‌ ده‌ستور و هه‌ڵگرتنی‌ ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ی‌ كه‌ دژی‌ هاولاَتیانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ كراوه‌.

 

تایم: نه‌وت كێشه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ ناوه‌نده‌، ئایا هیچ شتێكتان له‌م باره‌یه‌وه‌ یان له‌باره‌ی‌ یاسای‌ نه‌وت و غاز یان به‌ قاچاغبردنی‌ نه‌وته‌وه‌ باس كردوه‌؟

به‌رهه‌م ساڵح: عێراق داهاتێكی‌ گه‌وره‌ی‌ زۆر پێویست به‌ فیرۆده‌دات، به‌هۆی‌ بونی‌ سیاسه‌تێكی‌ نه‌وتی‌ فاشیله‌وه‌. حكومه‌تی‌ داهاتوو پێویسته‌ پابه‌ند بێت به‌گرتنه‌بری‌ یاساكانی‌ دابه‌شكردنی‌ داهاته‌كانی‌ نه‌وت بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌م كه‌رته‌ له‌ ته‌واوی‌ عێراقدا. هه‌روه‌ها ئێمه‌ لای‌ خۆمان هه‌نگاوی‌ جدیمان گرتوه‌ته‌ به‌ر بۆ رێگرتن له‌هه‌ر هه‌وڵێكی‌ نایاسایی‌ بازرگانیكردن به‌ نه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێویستی‌ به‌هاوكاری به‌غدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ دڵنیا بین له‌وه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ عێراق رێگرتن له‌م كاره‌ نا یاساییه‌ هه‌یه‌ ، نه‌ك ته‌نها له‌ كوردستان. ئێمه‌ پابه‌ندین به‌كاركردن و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌مه‌رجی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ رێز له‌و مافه‌ ده‌ستورییانه‌مان بگیرێت كه‌ رێگه‌مان پێده‌دات بۆ په‌ره‌پێدانی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان.

 

 

 

 

Xendan