2010-10-06 18:55:16

ڕقەبەرایەتی مەزهەبی دەگرن ئەوەندە گوێ لە بڕیارو دەنگ و ئیرادەو خواستە دیموكراتیەكانی خەڵك ناگرن، 6 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی -7-3-2010 تێپەڕیوە، هێشتا تەنگژە سیاسیەكان خاونەبونەتەوەو سەنگەربەندی شیعەو سوننە لە هەڵچوندایەو بارودۆخی سیاسی عێراق بەرەو كەش و هەوایەكی تەمومژاوی كێش دەكەن

لە هەڵبژاردنی-7-3-دا هیچ لایەنێك خۆی بە دۆڕاو نازانێ لە كاتێكدا هیچیان براوە نین، ئەوەش نیشانەی ناحاڵی بوونە لە بنەماكانی دیموكراتی، چونكە لە سیستەمی دیموكراتیدا براوە ئەو كەس و لایەنەیە كە ڕێز لە هەڵبژاردن بگرێ و ئەنجامەكەی قبوڵ بكات، بە مانایەكی تر لە دنیای سیاسەتدا سیاسی سەركەوتوو ئەو كەسەیە كە چارەسەرێكی ڕیشەیی و هەمیشەیی بۆ تەنگژە سیاسیەكان بدۆزێتەوەو بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئامانجەكانی خەڵكدا هەنگاو بنێ، نەك ئامانجەكانی خەڵك لە هەناوی سیاسی و بۆتەی بەرژەوەندیەكانی خۆیدا بگوشێ، لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا سیاسیەكانی عەرەب لە عێراق ڕێزیان لە هەڵبژادن و دەنگی خەڵك گرتوە؟ تا بتوانین براوەو دۆڕاو لە یەكتری جیا بكەینەوە، یان كەسێكی سیاسی دەركەوتوە چارەسەرێكی ڕیشەیی و هەمیشەیی بۆ تەنگژە سیاسیەكان و تێپەڕاندنی عێراق لەم قۆناغە سەخت و مەترسیدارە خستبێتە ڕوو؟ تا بڵێین: فڵان سیاسیە عەقڵانی بیردەكاتەوە. ئەم هەشت مانگەی دوای هەڵبژاردنی-7-3-وەڵامی ئەم دوو پرسیارەمان بە دروستی دەداتەوە، هەر سێ لیستی سەركەوتوی عەرەب، عێراقیەی ئەیاد عەلاوی و دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و هاوپەمانی نیشتیمانی عەممار حەكیم- بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەوەندەی وڵاتانی هەرێمیان دواندووە نیو ئەوەندە یەكتریان نەدواندووە، لە كاتێدا تەنگژە سیاسیەكانی عێراق لە ڕێگای دەنگی خەڵك و یەكتری دواندنی نوێنەرەكانیەوە چارەسەر دەبن، نەك لە ڕێگای دواندنی وڵاتانی هەرێمی كە هەوڵ دەدەن بۆ دابین كردنی زیاتری بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكانیان ئەوەندەی تر تەنگژەكان قوڵتر بكەنەوە، مەترسی هەرە گەورەی عێراقیەكان ئەوەیە كە تا ئێستا -7- ساڵ بەسەر نەمانی دیكتاتۆریەتدا لە عێراقدا تێدەپەڕێ كەچی هیچ سیاسیەكی عێراقی شرۆڤەیەكی عەقڵانی جیاواز لەوەی دیكتاتۆریەتی بۆ ڕووداوو تەنگژەكانی عێراق نەخستۆتە ڕوو، لە كاتێكدا هەموویان زەرەرمەندی ئەو شرۆڤە ناعەقڵیانەن كە دیكتاتۆریەت لە عێراقدا چارەسەری گرفتەكانی پێ سپاردبوو.گریمان حكومەت لە عێراق پێكهات، نوری مالیكی یان ئەیاد عەلاوی بوو بە سەرۆك وەزیران، ئایا ڕووداوەكانی دوای ئەو حكومەتە دەبنە خاڵی وەرچەرخان بۆ كۆتایی هێنان بە تەنگژە سیاسیەكان و مەینەتیەكانی خەڵكی عێراق؟

 

لە وەڵامدا دەڵێین: گرفتی عێراقیەكان لەوەدا نیە كام دەم و چاو دەبێتە سەرۆك وەزیران، گرفت لەو بیركرنەوە دایە كە ئەو )چاو(ە پێی دەبینێ و ئەو )دەم(ە پێی دەدوێ

 

سیاسیەكانی عێراق ئەگەر بۆ خەڵكی عێراق بە پەرۆشن و دەیانەوی عێراق لەو قۆناغە خوێناویە دەرباز كەن دەبێ واز لە كەللە ڕەقی مەزهەبی و سەرەڕۆیی سیاسی و مەرایی و مل كەچی بۆ وڵاتانی هەرێمی بێنن و بگەڕێنەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی خەڵك، چونكە جگە لە دەنگ و ئیرادەی خەڵك ئەوانەی تر ڕێگا چارەنین بۆ چارەسەری تەنگژە سیاسیەكانی عێراق، باشترین چارەسەر لە خوێندنەوەی دروستی هەڵبژاردنی -7-3-2010- دایە كە خەڵكی عێراق لەو هەڵبژاردنەدا دوا بڕیاری خۆی لە بارەی ئایندەی عێراقەوە داوە، هەنگاونان پێچەوانەی ئەو بڕیارەش دەرچوونە لە خولگەی خواست و ئارەزوەكانی خەڵكی عێراق، ئەگەر بگەڕێینەوەبۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی -7-3- دەبینین عێراقیەكان بۆ چارەسەری تەنگژە سیاسیەكان و كۆتایی هاتن بە مەینەتیەكان بڕیاری دروستی خۆیان داوە، بە داخەوە ئەوە سیاسیەكانن خۆیانی لێ گێل دەكەن، لەو هەڵبژاردنەدا شیعە دەنگی بۆ شیعە بوونی خۆی داوەو پێكەوە ژیانی سیاسی لەگەڵ كوردو سوننە ڕەتكردۆتەوەو لە ناوچە سوننەنشین و كوردیەكان كورسیەكی پەرلەمانیان بەدەست نەهێناوە، سوننەكانیش وەك شیعەكان لە ناوچە شیعەنشین و كوردیەكان لە كورسی پەرلەمانی بێبەش بوون، جگە لەو ناچە كوردیانەی كە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان بەر شاڵاوی سیاسەتی )تەعریب( كەوتوون، كوردیش وەك نەتەوەیەكی سەربەخۆ لەو هەڵبژاردنەدا چارەنوسی نەتەوایەتی خۆی دیاری كردوەو چاوەڕوانی كورسیش نەبووە لە ناوچە عەرەب نشینەكان، ئەوەش خۆی لە خۆیدا بڕیاری عێراقیەكانە بۆ دابەش بوونی عێراق بۆ سێ بەشی شیعەو سوننەو كوردی، بەڵام ئەوە سیاسیەكانن مل بۆ ئەو ڕاستیە نادەن و دەیانەوێ عێراق بەیەكەوە لكاوی بمێنێتەوە، ئەوەش لە دوو لایەنەوە جێگای مەترسیە، یەكەمیان بڕوا نەبوونی سیاسیەكانە بە بنەما دیموكراتیەكان و زاڵ بوونەوەی ڕوحی شەڕانگێزی و گەڕانەوەیە بۆ دیكتاتۆری، ئەوەش جارێكی تر عێراق بەرەو پێكدادانی نەتەوەیی و مەزهەبی دەباتەوە، دوەمیشیان گەمەی سیاسیەكانە لە دەرەوەی خولگەی خواستەكانی خەڵك و مەرایی و مل كەچیانە بۆ وڵاتانی هەرێمی، ئەوەش عێراق دەكاتە مەیدانی پێكدادانی بەرژەوەندیە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان، بۆیە ناكرێ دڵ بە حكومەتێك خۆش بكەین كە لە پێكهێنانیدا خواست و ئارەزوەكانی خەڵك لەبەر چاو نەگیرێن