2010-03-20 11:21:48

له‌و بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌كێشه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ كورد له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا بایه‌خم پێده‌دا، بوونی‌ جیاوازی‌ به‌رچاو بوو له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناو‌و چه‌مكانه‌دا كه‌ تازه‌ ده‌هاتنه‌ ناو كاری‌ ڕاگه‌یاندنه‌وه‌.

 

له‌بیرمه‌ كه‌ هه‌ردوو ناوی‌ (بینه‌زیر بۆتۆ) ‌و (بیكه‌ر ـ هامڵتۆن)، كه‌ هاتنه‌ ناو ڕاگه‌یاندنی‌ كوردییه‌وه‌، یه‌كه‌میان دوای‌ تیرۆركردنی‌‌و دووه‌میشیان دوای‌ ڕاپۆرته‌كه‌یان، ڕاگه‌یاندنی‌ ئێمه‌ به‌زیاتر له‌چوار وتن بڵاویكردنه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و كاته‌ش له‌گه‌ڵ خوێندكاره‌كانی‌ ڕاگه‌یاندندا هه‌وڵمانده‌دا باس له‌جێگره‌وه‌ی‌ ئه‌و فره‌ جۆرییه‌ له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ناوه‌ نوێكاندا بكه‌ین.

 

به‌بۆچوونی‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ له‌و باره‌وه‌ پرسیارم لێكردوون یان ئه‌و بابه‌ته‌مان تاووتوێكردووه‌، بۆچوونیان وایه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌زگایه‌ك هه‌بێت، ئه‌و ناوانه‌ شێوه‌ پێبدات یان بیانچه‌سپێنێت‌و بۆ كه‌ناڵه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ بگشتێنێت.

 

لێره‌دا، وه‌ك نموونه‌ ناوێكی‌ نوێ ده‌خه‌ینه‌ڕوو، كه‌ دوای‌ هاتنی‌ بۆ ناو بواری‌ ڕاگه‌یاندن، به‌چه‌ندین جۆر له‌كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندندا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌ویش ناوی‌ (ئاد مێلكرت) ی‌ نێردراوی‌ تایبه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌عێراق له‌كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌م جۆرانه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌:

 

(میلكێرت، میلكه‌رت، میلكارت، مێڵكرد، ملكێرت، میلكیرت، میلكه‌ر، ملكرت، ملیكه‌رت، مێلكه‌رت، مێڵگه‌رد).

 

كه‌واته‌ پێویسته‌ ده‌زگایه‌ك هه‌بێت، له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌م جۆره‌ ڕه‌وشانه‌ بوونیان ده‌بێت، به‌پرس‌و ڕا له‌گه‌ڵ شاره‌زایاندا، جێگیری‌ بكات‌و بۆ كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ بگشتێنێت.

 

گۆران ئیبراهیم