خاوه‌نی چه‌ند زاراوه‌یه كه بنزاراوه‌شی زۆره! وه‌كوو چۆن له كۆندا هۆز‌گه‌لێکی وه‌كوو: (لۆلۆ، گۆتی، كاسی، مانایی، ناییری، سۆباری، ئۆرارتۆ، میتانی، كاردۆخ و ماد)مان هه‌بووه، ئه‌مڕۆش، كورد هۆز و تیره‌ی زۆری هه‌یه كه هۆزه‌کان، زاراوه‌ی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه و زمانی كوردیش به پێی ئاخاوتنی ئه‌و هۆز و تیره‌گه‌له دابه‌ش ده‌كرێ، وه‌کوو:
یه‌كه‌م كرمانجیی: كه بنزاراوه‌كانی بریتین له: بۆتانیی، بایه‌زیدیی، بادینانیی، شه‌مدینانیی قۆچانیی، كه شاره‌كانی قارس، ئه‌رزه‌ڕۆم، ئه‌رزنجان، مووش، ئه‌لعه‌زیز، وان، دیاربه‌كر، ئورفا، جزیر، ماردین، سیرت، بتلیس، قامیشلیی، حه‌سه‌كه، سه‌رێكانی، عه‌فرین، ماکۆ، بازرگان، قوتوور، کورده‌کانی ورمێ، كورده‌كانی خوراسان و ئازه‌رباییجان و گورجستان و قه‌زاقستان و ئه‌رمه‌نستان و تورکمه‌نستان و هیدیکه قسه‌ی پیده‌كه‌ن!
دووهه‌م موکریی: كه زاراوه‌ی (سۆران)ی به‌سه‌ردا بڕاوه و بنزاراوه‌كانی بریتین له: موكوریانیی، سۆرانیی، شاره‌زووریی، جافیی، بابانیی، ئه‌رده‌ڵانیی، گه‌رمیانیی و هیدیکه! كه شاره‌كانی شنۆ، نه‌غه‌ده، پیرانشار، سه‌رده‌شت، مه‌هاباد، بۆكان، سه‌قز، هه‌وشار، رانیه، قه‌ڵادزه، هه‌ولێر، رواندز، كۆیه، سلیمانی، هه‌ڵه‌بجه، كه‌ركووك، سنه، قوروه، بیجاڕ، مه‌ریوان، بانه، سه‌قز، دیوانده‌ره، کامیاران، جووانڕۆ و روانسه‌ر قسه‌ی پیده‌كه‌ن!
سێهه‌م گۆرانیی: كه بنزاراوه‌كانی بریتین له هه‌ورامیی، زازاكی، باجه‌ڵانی، شێخانی، زه‌نگه‌نه، سیامه‌نسووری و شه‌به‌ك. که شاره‌كانی پاوه، نه‌وسوود، دزڵی، هه‌ورامانی ته‌خت، هه‌ورامانی لهۆن، ژاوه‌رۆ، که داگری بێساران و هوویه و سه‌رهوویه و پاڵنگانه، هه‌روه‌ها بیاره و ته‌ویڵێ و به‌شێک له خورماڵ و هه‌ڵه‌بجه، قسه‌ی پیده‌كه‌ن!
چوواره‌م پاله‌وی (فه‌یلی): كه بنزاراوه‌كانی بریتین له:
كرماشانیی، له‌كیی، که‌ڵوڕیی، گه‌ڕووسیی، بیجاڕیی، شیروانیی، چه‌رداوڕیی، ئه‌رکه‌وازیی، که شاره‌کانی: قه‌سری شیرین، شه‌هاباد، سه‌حه‌نه، كرند، که‌نگاوه‌ر، رێژاو، بێستوون، ئیلام، سه‌ڕه‌شار، نه‌هاوه‌ند، خانه‌قین، سۆمار، به‌دره، جه‌سان، زڕباتییه، كووت، عه‌ماره و كورده‌كانی به‌غدا، قسه‌ی پیده‌كه‌ن!
پینجه‌م لوڕی: دیاره لوڕه‌کان به‌شێکیان خۆیان به کورد ده‌زانن و به‌شێکیشیان ده‌ڵێن: ئێمه لوڕی، نه کوردین نه فارس! بنزاراوه‌كانی زاراوه‌ی لوڕیی بریتین له: خوڕه‌مابادی و به‌ختیاری و هه‌فتگوڵی و سووسه‌نگردیی. که شاره‌كانی خوڕه‌ماباد، برووجرد، دزفوول، شاركورد، چووارمه‌حاڵ، ئه‌له‌شته‌ر، ئه‌لیگووده‌رز، سووسه‌نگرد و پێشكۆ، مێران و دێلوڕان قسه‌ی پیده‌كه‌ن!
”به پێی لیكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌م دواییانه گاتاكان كوردین، یان به كوردییه‌وه نزیكن! نێوی زه‌ڕده‌شت له بنه‌ڕه‌تدا (زه‌ڕه‌تا وه‌شته‌رای) یه كه له دوو وشه‌ی (زه‌ڕه‌تا) واته نوور و (وه‌شته‌رای) ش واته داباری پێكهاتووه و واژه‌كان كوردین! گاتاكانیش زه‌ڕده‌شت و هه‌ندێ له په‌یڕه‌وانی نووسیویانه كه وشه‌كان به وشه‌گه‌لی هه‌ورامی و كه‌ڵوڕیی یه‌وه نزیكن كه ئه‌وانیش دوو زاراوه‌ی كۆنی زمانی كوردین“
وشه‌ی فه‌یلی واتای چییه؟
له‌راستیدا وشه‌ی فه‌یلیی به هه‌ڵه به‌سه‌ر ئه‌م به‌شه له كورد، که کۆنترین تیره‌ی کوردن له کوردستان داسه‌پاوه، من له ژێره‌وه ئاماژه‌ی پیده‌كه‌م!
فه‌یلیی، تیره‌یه‌کن له كورد که له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی ئیلامن و سه‌ر به هۆزی که‌ڵوڕن، به‌ڵام نزیكه‌ی 400 ساڵ ده‌بێ كه له به‌غدا ده‌ژین و له‌به‌ر نه‌بوونی كار و باری ئابووری له ئێران و له هه‌مووی گرنگتر شه‌ڕی نێوان عوسمانیی و سه‌فه‌ویی، کۆچ دراونه‌ته ئه‌وێ، یان هه‌ڵداژراونه‌ته ئه‌وێ؛ هه‌ندێك كه‌س وا بیر ده‌كه‌نه‌وه كه فه‌یلی یانێ: فێئه‌ت عه‌لی واته: په‌ێڕه‌وانی حه‌زره‌تی عه‌لی و زاراوه گۆڕیویه‌تی؛ دیتنێكی دیكه‌ش هه‌یه كه ده‌ڵێن: له به‌غدا به كرێكاری كوردیان گوتووه: پاڵه و فه‌له و وشه‌ی فه‌یلی له‌به‌ر ئه‌و هۆیه به سه‌ر فه‌یلییه‌كاندا دابڕاوه؛ به‌ڵام گرنگتر له هه‌مووی ئه‌مانه، فه‌یلی واته ئه‌و كوردانه‌ی كه به زاراوه‌ی كه‌ڵوڕی یان پاله‌وی قسه ده‌كه‌ن و وشه‌ی پاله‌وی عه‌ره‌ب كردوویه‌تی به فه‌هله‌وی و به‌و تیره‌یه‌شیان گوتووه فه‌یلی و ئه‌و نێوه‌یان به‌سه‌ردا بڕاوه؛
فه‌یلییه‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ی كه شیعه‌ن، سه‌ددام حسێن، به تاوانی شیعه‌بوون، زڵمی زۆری لێكردوون و هه‌تا ئێستا به هه‌زارنیان لێكوژراوه و هه‌ڵداژراونه‌ته‌وه بۆ ئێران. وشه‌ی فه‌یلی له‌راستێدا به هه‌ڵه لێکدراوه‌ته‌وه و به‌سه‌ر ئه‌و به‌شه له كورددا داسه‌پاوه، كه له به‌غدا و گوندێكی ئیلام ده‌ژین! فه‌یلییه‌كان له بنه‌ڕه‌تدا هه‌موویان ئیلامین كه له به‌غدا گیرساونه‌ته‌وه! ته‌واوی خاكی ئیلام سه‌روژوور بگه‌ڕیی، جگه له گوندێك نه‌بێ له دووڕییانی سۆمار، شوینێكی دیكه شك نابه‌ی كه خه‌ڵكێكی لێ هه‌بێ به نێوی فه‌یلی! ئه‌و گونده‌ش نێوی(زه‌ڕنه)یه كه 150 ماڵن!
فه‌یلی به واتایه‌کی دیکه!
دیتنێکی دیکه ده‌ڵێ: چه‌ند سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، حاكمێك به نێوی حوسین خانی عه‌باسی عه‌له‌وی، كه له شیعه‌كانی نه‌جه‌ف بووه، له ئیلام حوكمی كردووه و به‌م ده‌سه‌ڵا‌ته‌یان گوتووه: (فیئه‌ت عه‌لی) واته: (جه‌ماعه‌تی عه‌لی، یان، په‌یڕۆیانی عه‌لی)! ئه‌م حاكمه باسی خۆی وه‌كوو شه‌جه‌ره له سه‌ر به‌ردێك له(ده‌ڕه‌شار) هه‌ڵكه‌ندووه و گوتوویه‌تی: ئێمه عه‌ره‌بین و له شیعه‌كانی نه‌جه‌ف و خه‌ڵكی ئه‌وێین! دوای چه‌ندساڵ ده‌سه‌ڵات له‌وێ، له شه‌ڕی(رنوو)دا شكست ده‌خۆن! دوای ئه‌و شكسته ئیلام به جێدیڵن و ده‌چنه‌وه نه‌جه‌ف! له‌و كۆچه‌شدا زۆر له كورده‌كانی ئیلام ره‌گه‌ڵیان ده‌كه‌ون و ده‌چنه كووت و به‌غدا! حوسین خان ده‌مرێ و قه‌بری له نه‌جه‌فه! ئه‌مانه كه به فیئه‌ت عه‌لی نێویان ده‌ڕوا، له به‌غدا ده‌س ده‌كه‌ن به ساتوسه‌ودا و بازرگانی و ده‌وڵه‌مه‌ن ده‌بن! كورده شیعه‌كانی ئیلام‌یش كه خۆیان به په‌یڕه‌وی فیئه‌ت عه‌لی ده‌زانن، پاڵیان پێوه ده‌ده‌ن و زۆربه‌ی شوێنه‌كانی به‌غدا و كووت ده‌خه‌نه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان! له راستیدا ئه‌مه مێژووی فه‌یلییه‌کان نییه و مێژووی ئه‌م تیره گه‌وره‌یه‌ی کورد، زۆر دوور و درێژه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له 4000 ساڵ.
(فه‌يلييه‌كان) خه‌لَكي كويَن؟
ئه‌و فه‌یلییانه‌ی که له به‌غدا ده‌ژین، خه‌ڵكی ئیلامن و شیعه‌ن و كوردی ره‌سه‌نن، ره‌گاژۆیه‌کی دوور و درێژی چه‌ندسه‌دساڵه‌یان هه‌یه له‌و شاره‌دا و له كاروباری ده‌وڵه‌تدا زۆر ده‌ستیان ده‌ڕوا و، زاراوه‌ی ئه‌م كورده‌فه‌یلییانه، كاری كردۆته سه‌ر مۆسیقا و فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بیش! بۆ نموونه من گۆرانیی فه‌یلیم له (محمد قوببانچی) مه‌قامبێژی گه‌وره‌ی به‌غدا بیستووه که به عه‌ره‌بی گوتوویه‌تی، ناوی ئه‌و گۆرانییه به کوردیی: (دڵه‌گه‌م خه‌مگینه)یه که فۆلکلۆری کۆنی که‌ڵوڕییه! کورده‌فه‌یلییه‌کان له سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسم و له شۆڕشی بارزانیی و زۆر تێكۆشانی دیكه‌دا ده‌وریان هه‌بووه! به‌ڵام حوكوومه‌تی ئیراق، زه‌ربه‌ی قورس و گه‌وره‌ی لێدان و هه‌زارانیانی له زیندانه‌كانی ئیراقدا بێسه‌روشوێن کرد و مێژوویه‌كی پڕ له كاره‌ساتیان هه‌یه و زوڵموسته‌مێكی زۆریان لێكراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه شیعه‌ن! بۆ باسکرددنی تیره‌ی فه‌یلیی و مێژووه‌که‌یان پێویسته ئاوڕێک له کۆن بدرێته‌وه تا به ئاکام بگه‌ین که فه‌یلیی کێن و چین و له کوێوه هاتوونه‌ته به‌غدا.
فه‌یلییه‌کان سه‌تله‌سه‌ت ئیلامین؟!
ناوی هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یێکی سه‌ر رووزی زه‌وی، له‌سه‌ر زمانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه تاپۆ ده‌کرێ، یان ناودێر ده‌کرێ، جیاواز له هه‌ندێ وڵاتی درووستکراوی وه‌کوو: ئامریکا و ئوسترالیا و نییووزلاند و کانادا و هیدیکه، بۆ نموونه: فه‌رانسه‌یییه‌کان خه‌ڵکی فه‌رانسه‌ن و به زمانی فه‌رانسه‌یی قسه ده‌که‌ن، سپانیایییه‌کان خه‌ڵکی سپانیان و به زمانی سپانیایی قسه ده‌که‌ن. دیسان وه‌کوو: کورد کوردستان، تورکه‌مه‌ن تورکمه‌نستان، هند، هندووستان و هیدیکه. کوردستان وڵاتێ کوردانه و کوردیی زمانی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه که له‌وێ ده‌ژین، جگه له‌و که‌مه‌نه‌ته‌وه‌گه‌له‌ی که له‌وێن. وه‌ک له‌سه‌ره‌وه نووسیمان، زمانی کوردیی خاوه‌نی چه‌ند زاراوه‌یه که پاله‌وی (فه‌یلی)، یه‌کێ له زاراوه‌کۆنه‌کانی ئه‌م زمانه‌یه.
ئیلام و فه‌یلی!
فه‌یلییه‌کان سه‌د له‌سه‌د ئیلامین و ئیلام هه‌رێمێكه له كوردستان كه یه‌كێ له زێده كۆنه‌كانی كورد بووه له درێژه‌ی مێژوودا؛ زمانی خه‌ڵكی ئیلام پێکهاتووه له دوو بنزاراوه‌ی زمانی كوردیی: كه‌ڵوڕی و له‌كیی، به‌ڵام له راستیدا ده‌بێ به زاراوه‌ی ئیلامییه‌كان بڵێین: فه‌یلی یان پاله‌وی كۆن كه هه‌مان زاراوه‌ی كه‌لهوڕییه و زاراوه‌یێکه له‌و زمانه‌ی که گاتاكانی زه‌ڕدشتی پێ نووسراوه‌ته‌وه؛ ئیلام له كۆندا به‌رله‌وه‌ی ببێ به ئوستان پێیگوتراوه: پشتكۆ؛ ئیلام له كۆندا ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره بووه و پایته‌خته‌كه‌ی شاری شووش بووه، ئه‌و ده‌وڵه‌ته له سه‌رده‌می خۆیدا داگری: خووزستان و لورستان و پشتكۆ و كێوه‌كانی به‌ختیاری بووه؛ له‌مه کۆنتریش سنووری ده‌وڵه‌تی ئیلام له رۆژهه‌ڵاته‌وه رۆباری دیجله بووه و له رۆژاواوه ویلایه‌تی فارس یان شیراز، له باكووره‌وه بابل و هه‌مه‌دان و له باشووریشه‌وه كه‌نداوی فارس و بووشار، شاره به‌نێوبانگه‌كانیشی: کارداکا (که‌رکووک)ی ئێستا، شووش و ماداكتۆ و خایدالوو، یا خاڵدا، یان (خوڕه‌ماوا)ی ئێستا بووه. خه‌ڵكی ئیلام زمان و خه‌تی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بووه و بتپه‌رست بوونه، یان سه‌تله‌سه‌ت ره‌دووی ئایینی زه‌ڕده‌شت بوونه. مێژووی ئه‌م ده‌وڵه‌ته سێ سه‌رده‌م بووه: سه‌رده‌می یه‌كه‌م، هاوسه‌رده‌می سۆمه‌رییه‌كان و ئه‌كه‌ده‌كان، سه‌رده‌می دووهه‌م، هاوسه‌رده‌می بابلییه‌كان و سه‌رده‌می سێهه‌میش هاوسه‌رده‌می ئاشووریه‌كان بوونه، به‌ڵام ساڵی (645)ی به‌رله زایین به‌ده‌ست ئاشوورییه‌كان ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان هه‌ڵده‌وه‌شرێ؛ دوای ئه‌وه ئیلامییه‌كان كه به لۆلۆییه‌كانیش ناوبراون، له‌گه‌ڵ ماده‌كان و تیره‌كانی دیكه‌ی كوردستان یه‌ك ده‌گرن و له ساڵی (580)ی به‌رله زایین ئاشوورییه‌كان له‌ناو ده‌به‌ن و ده‌وڵه‌تی ماد داده‌مه‌رزێنن و یه‌کێ له دامه‌زرێنه‌رانی شاری کارداکۆ (که‌رکووک)ی ئێستان.
مۆسیقای ئیلامییه‌كان:
ئیلامییه‌كان له‌کۆندا، له‌كاتی گیڕانی ئاهه‌نگه‌مه‌زهه‌بییه‌كانیاندا مووزێكیان به‌كار بردووه! گێڕانی ئاهه‌نگه‌كانیان به یه‌ك دوو جۆر چنگ و شمشاڵ و دووزه‌له و هه‌ندێ ئامێری زه‌ربیی بووه! له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا سازێكیان هه‌بووه وه‌كوو سه‌نتوور كه دواتر ده‌ستی تیوه‌ردراوه و، وه‌كوو خۆی نه‌ماوه و کۆگر(كامڵ) بووه، وه‌ک ده‌رکه‌وتووه، سازگه‌لی كلاویه‌داری ئورووپایی، كه كامڵترینیان پیانۆیه له‌رووی ئه‌م سازه درووست كراون! له‌ناو شوێنه‌واره‌كانی ئیلامیدا كه دۆزراونه‌ته‌وه، دوو نه‌خشی به‌رجه‌سته هه‌ن كه دوو نموونه‌ی کۆگری ئوركیستره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ن، یه‌كێكیان ده‌سته‌ی ژه‌نیاران و ئه‌وی دیكه‌شیان ده‌سته‌ی گۆرانیبێژانن و ئێستاكه له(مووزه‌ی له‌نده‌ن)ن! ده‌سته‌ی ژه‌نیاران له یازده ژه‌نیار پێكهاتوون كه حه‌وت كه‌سیان چنگ و دوو كه‌سیان دووزه‌له و یه‌كێكیان سازێك له شێوه‌ی سه‌نتوور لێده‌ده‌ن! ژه‌نیارێكی دیكه‌ش سازێكی زه‌ربی لێده‌دا! له‌ناو ده‌سته‌ی گۆرانیبێژه‌كاندا نۆ منداڵ و شه‌ش ژن به‌شدارن! ئه‌و ژنه‌ی كه له پێشه‌وه‌یه رێنوینیكه‌ری ئه‌وانی دیكه‌یه و ژنه‌كه‌ی دیكه، وه‌ك چۆن گۆرانیبێژه‌كانی رۆژاوا لێیڕاهاتوون ده‌ست ده‌نێنه بناگوێیان، ده‌ستی ناوه‌ته بناگوێی! ژن و منداڵه‌كانی دیكه‌ش چه‌پڵه لێده‌ده‌ن! له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ (هۆره و موور)یش، چه‌ند په‌یکه‌ری ده‌هۆڵ و زوڕنا و هیدیکه له‌م ناوچه‌یه دۆزراونه‌ته‌وه، که نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه چه‌مه‌ریی له بنه‌ڕتدا هی ناوچه‌ی ئیلامه و هه‌موویان به زاراوه‌ی که‌ڵوڕیی به‌ڕێوه ده‌برێن. فه‌یلییه‌کان خه‌ڵکی ئیلامی ئه‌مڕۆن و ئێستای ئیلام له‌باری زمان و فه‌رهه‌نگه‌وه، جیاوازه له ئیلامی 100 ساڵ به‌ر له ئێستا، بۆ میناک ئێستا به هۆی ته‌له‌ڤزیۆنی کوردییه‌وه، له ئیلامی مه‌ڵبه‌ندی زمانی پاله‌ویدا، گۆرانیی سۆرانیی ریشه‌یه‌کی سه‌یر و به‌رچاوی داکوتاوه و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌و ناوچه‌یه‌دا گه‌ییشتۆته ئاستێکی به‌رچاو.
گات (گاتاکان)
ئه‌م وشه‌یه چه‌ندین واتای له زمانی کوردی‌دا هه‌یه من ته‌نیا چه‌ند دانه‌ی ده‌نووسم:
1. گاس، گات، گاز، كه به كوردیی واته: بانگكردن، قاوكردن، چڕین، وه‌کوو شیلانم بۆ گاز که؛ 2. جێگای زۆر به‌رزی چیا، لووتکه، ترۆپک؛ 3. قه‌ڵشتی شاخی به‌ردین؛ 4. چڕین به هه‌وای خۆشی گۆرانی؛ 5. هۆنراوه‌كانی زه‌ڕده‌شت؛ 6. ئه‌و گۆرانییه ئایینیگه‌له‌ی كه گۆسانه‌كان چڕیویانن؛ 7. ئه‌و هۆنراوه بیستبڕگه‌ییانه‌ی كه له سه‌رده‌می زه‌ڕده‌شتدا وه‌كوو سروود خوێندراون و ئه‌مڕۆکه شوێنه‌واریان له هه‌موو کوردستان ماوه‌ته‌وه!
گاتاكان، كۆنترین و پیرۆزترین به‌شه‌كانی ئاڤێستان كه له‌ناو یه‌سنادا هه‌ڵگیراون، یان له ناو یه‌سنادا ماونه‌ته‌وه؛ به كۆی هه‌موو گاتاكانیان گوتووه (گاسانیك) و به‌و گۆرانیبێژ یان به‌یتبێژانه‌ی كه ئه‌م گاتاگه‌له‌ی چڕیوه، گوتراوه: (گۆسان) واته: به‌یتبێژ یان بێژه‌ری گاتاکان!
به پێی لیكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌م دواییانه گاتاكان كوردین، یان به كوردییه‌وه نزیكن! نێوی زه‌ڕده‌شت له بنه‌ڕه‌تدا (زه‌ڕه‌تا وه‌شته‌رای) یه كه له دوو وشه‌ی (زه‌ڕه‌تا) واته نوور و (وه‌شته‌رای) ش واته داباری پێكهاتووه و واژه‌كان كوردین! گاتاكانیش زه‌ڕده‌شت و هه‌ندێ له په‌یڕه‌وانی نووسیویانه كه وشه‌كان به وشه‌گه‌لی هه‌ورامی و كه‌ڵوڕیی یه‌وه نزیكن كه ئه‌وانیش دوو زاراوه‌ی كۆنی زمانی كوردین! ئه‌م گاتاگه‌له ئه‌گه‌ریش كوردیی نه‌بن، لانیكه‌م ده‌توانین له 1000 وشه، زۆرتر له 600 وشه كوردیی تێدا ده‌ربێنین كه له زمانی كوردیدا هه‌ن و ماون، چونكه له چه‌ند زاراوه و بنزاراوه بۆ نووسینی ئه‌م گاتاگه‌له كه‌ڵك وه‌رگیراوه! بۆ پاشماوه‌ی ئایینی زه‌ڕده‌شتیش له كوردستان ده‌توانین ئاماژه به ئایینزاگه‌لێكی وه‌كوو: ئیزیدی و ئه‌لحه‌ق و عه‌له‌وی بكه‌ین له كوردستان، چونكه دوو ئایینزای ئیزیدی و ئه‌لحه‌ق، بنه‌ما و رێوڕه‌سمی نیایش و ستایشیان به كوردییه!
وشه‌ی (هات)یش كه به‌ندبه‌ندی گاتاكانی زه‌ڕده‌شت پێكدێنێ هه‌ر كوردییه كه له چاوگی وشه‌ی (هاتن) وه‌رگیراوه و چه‌ندین مانا ده‌دا، هات: به‌خت و شانس؛ هات: به واتا ئایینیه‌كه‌ی: نه‌دا، واته: بانگێك كه له ئاسمانه‌وه دێته سه‌ر پێغه‌مبه‌ران!
گاتاكان وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێكرد، به هۆنراوه‌ی بیستبڕگه‌یی گوتراوه نه‌ك په‌خشان! من لێره‌دا نموونه‌یه‌ك دێنمه‌وه له به‌ندێك له گاتاكان كه سه‌تله‌سه‌ت كوردییه و به زاراوه‌ی كه‌ڵوڕی گوتراوه، به‌ڵام له ئێران‌دا له ژێر په‌رده‌ی (زبان پهلوی) دا ناسێنراوه و وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر فارسی، زمانی پاله‌ویش فڕی به سه‌ر فارسییه‌وه نییه و كوردییه و یه‌كێ له زاراوه كۆنه‌كانی زمانی كوردییه! ئه‌مه‌ش هۆنراوه‌ی هاتی 31 له به‌ندی 16 ی گاتاكان:
ئه‌شاوۆ فره‌ده‌سای ئه‌سپه‌رێزه‌تا تواڤانه‌س مه‌زدا ئه‌هـوورا یه دا!
وشه‌ی (گیتار) كه ئامێرێكی مۆسیقایی یه و (قه‌تار) كه هه‌وایه‌كی گۆرانییه و (دووگا) و (سێگا) و (چوارگا) ش كه گۆشه‌ن له ده‌زگای مه‌قاماتی ئێرانیی، هه‌روه‌ها (هۆره) و (سیاچه‌مانه) ش كه دوو هه‌وا، یان قه‌تاری كۆنی مۆسیقایین له كوردیدا، پێوه‌ندییان به گاتاكانه‌وه هه‌یه.
كورته مێژووی کوردی فه‌یلی / به‌شــی دووهـه‌م
ناسری ره‌زازی
28 / 6 / 2010
گاسان، گۆسان!
گاسان، گۆسان چه‌ندین واتای هه‌یه: 1. گیایه‌كی ده‌شتییه؛ 2. ئاگر، سكڵ، ژیله‌مۆ؛ 3. بوێژی گاتاكانی زه‌ڕده‌شت، ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ی كه گاتاكانی زه‌ڕده‌شتیان به هۆنراوه‌ی 20 بڕگه‌یی چڕیوه، واته: گۆرانیبێژێك كه به دوو باڵ فڕیوه، هه‌م گۆرانیی گوتووه و هه‌میش هۆنراوه‌ی داناوه؛ له سه‌رده‌می زه‌ڕده‌شتدا به‌و گۆرانیبێژانه‌ی كه داستان و چیرۆكیان به هۆره و لاوك و حه‌یران چڕیوه، گوتوویانه: گۆسان، پاشان ئه‌م وشه‌یه له‌سه‌رده‌می ساسانییه‌كاندا بووه به: هۆنیاواچ، چونكه قسه‌كردنی باره‌گای ساسانییه‌كان به پاله‌ویی بووه و هۆنیاواچ كه له دوو وشه‌ی (هۆنیا یان خۆنیا) و (واچ) پێك هاتووه، مانای: خۆشخوان و خۆشبێژ ده‌دا و ئه‌م وشه‌یه‌یان دواتر كردووه به (خۆنیاگه‌ر و رامشگه‌ر و چامه‌گوو)، بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌مای وشه‌كه بگۆڕن و له فارسی نزیك بكه‌نه‌وه؛ بۆ روونكردنه‌وه‌ی وشه‌ی هۆنیاواچ یان هۆنیاواز، له ژێره‌وه نموونه‌یه‌ك له نووسینێكی خانمی (ماری بۆیس) كه له بنه‌ڕه‌تدا هیبدییه و له ئینگلیس گه‌وره بووه و خوێندوویه‌تی دێنمه‌وه:
{له (کۆپه‌ڕی خونیاگه‌ریی)دا كه ماری بۆییس خانم نووسیویه‌تی، نووسراوه: وشه‌ی گۆسان دوو كه‌ڕه‌ت له ئه‌ده‌بیاتی فارسی‌دا ده‌ركه‌وتووه، ئه‌ویش له چیرۆكی (وه‌یس و رامین) دا؛ مینۆرسكی گوتوویه‌تی كه ریشه‌ی پارتی هه‌یه واته فارسیی كۆن؛ جاری دووهه‌میان وشه‌ی گۆسان به ناونیشانی (نه‌وائین) ده‌رده‌كه‌وێ، كه پێتكانۆف له نێوان (نێوی گشتی و نێوی تاك)، واته: (اسم عام و اسم خاص) دا، ئه‌م وشه‌یه به نێوی گشتی نێو ده‌با؛ وه‌رگێڕی فارسیزمانی ئه‌م کۆپه‌ڕه‌ش ده‌ڵێ: ئه‌م وشه‌یه له وشه‌ی ئاوێته‌ی (نه‌وا و ئایین)ه‌وه نه‌هاتووه، به‌ڵكوو وشه‌یه‌كی فارسی نێوه‌ڕاسته و واته (نواگن) كه له وشه‌ی (نواگ) وه‌رگیراوه و یانێ (نوا) ی فارسیی یان (نوادار) و (نواگر).}
من ئه‌م دیتنه‌م پێ هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م وشه‌یه ریشه‌كۆڵ بكرێت، وشه‌یه‌كی ئه‌وێستایی یان پاله‌ویی كۆنه، كه به كوردییه‌وه نزیكه هه‌تا فارسی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه فارسی نێوه‌ڕاست یان پاله‌وی كۆن، فارسی نییه و به گوته‌ی زۆر زمان‌ناس و زمانزانی فارسی ئێرانیی، پاله‌وی (زاراوه‌ی كورده‌كانی جنوبی كوردستانه)، چونكه ئه‌و (زووانی پاله‌وی)یه، كه فارس باسی ده‌كا، یانێ زاراوه‌ی: كه‌لهوڕیی، یان كه‌ڵوڕیی.
دیسان ئه‌م خانمه ده‌ڵێ: بۆ ده‌ورانی ساسانییه‌كان جیا له درێژه‌پێدانی سوننه‌تی گۆسانه‌كان له باكوور، له دره‌وشانه‌وه‌ی خونیاگه‌ری له ئێرانی گه‌وره‌دا!!، شایه‌ت و به‌ڵگه‌ی زۆر به ده‌سته‌وه‌یه و ئێستلاحی فارسیی نێوه‌ڕاست بۆ ئه‌م هونه‌رمه‌نده، (هونیاگه‌ر و هۆنیاواز) بووه.
واژه‌ی هونیاگه‌ر له پاله‌وی كۆندا هۆنیاواچ و هۆنیاواز بووه كه به ئه‌نقه‌ست كردوویانه به خونیاگه‌ر و به‌م شكڵه ماوه‌ته‌وه، دوایی كردوویانه به نه‌واگه‌ر و پاشان رامشگه‌ر و ئه‌وسا چامه‌گوو! له راستیشدا ده‌ستلێدانی ئه‌م وشه‌گه‌له‌ش، وه‌كوو ده‌ستێوه‌ردانی هۆنراوه‌كانی باوه تاهیری هه‌مه‌دانی، به‌و مه‌به‌سته بووه كه وشه كۆنه‌كه‌ی له‌ناو به‌رن و نه‌یهێڵنه‌وه. ماری بۆیس خانم، دوایی له شوێنێكدا ده‌ڵێ:
خونیاگه‌ری دواتر له لایه‌ن قه‌ومگه‌لێكی وه‌كوو (ئه‌ڤغانی و كورد) ه‌وه، پارێزراوه. منیش ده‌ڵێم: هۆنیا و خۆنیا، هه‌ردووكیان به سه‌ر بنه‌مای ریشه‌ی وشه‌ی كۆنی ئه‌وێستایی (خۆن یان خون)ه‌وه دامه‌زراوه و وشه‌ی وه‌رگیراو له خۆن ئه‌مڕۆ له له كوردستان له ناوچه‌ی موكوریان به‌تایبه‌ت به شێوه‌ی خۆشخوان ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام به هۆی گۆڕانی سیاسی مێژوویی، وشه‌گه‌لی دیكه جێگای وشه‌ی هۆنیاواچیان گرتۆته‌وه: (ده‌نگبێژ، لاوكبێژ، هۆره‌چڕ).
هۆنیا و خۆنیا، هه‌ر دوویان دوو وشه‌ی كۆنی پاله‌وین كه هۆنیا به واتا ره‌شۆكی (عامیی)یه‌كه‌ی، ده‌بێته: هۆنینه‌وه و (خونیا)ش كه له ریشه‌ی (خون)ی ئاوێستایی یان پاله‌ویی وه‌رگیراوه، واته خۆشبێژ و خوشخوان، چونكه له پاله‌وی كۆندا خون یان خۆن یا هۆن، به واتای خۆش بووه و به كورتی گۆسه‌ن یان گۆسان یانێ هۆره‌چڕ یا به‌یتبێژ و جگه له كوردستان نه‌بێ، له هیچ شوێنێكی ئێران‌دا شتێكمان به نێوی به‌یت یان به‌یتبێژ نییه.
داستان یان چیرۆكی (وه‌یس و رامین)یش هه‌ر به زاراوه‌ی پاله‌ویی یان كه‌ڵوڕیی كۆن نووسراوه و ده‌ستی لێدراوه. جا له‌به‌ر ئه‌مه، وه‌كوو سمایل بێشكچی ده‌ڵێ: مێژووی ئێران و ئێراق و سووریه و توركیه و وڵاتی له‌گوێن ئه‌مانه، ده‌بێ له‌سه‌ره‌وه بنووسرێنه‌وه، چونكه هه‌مووی به‌سه‌ر بناغه‌ی درۆ و ده‌له‌سه و له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پاماڵكردن و دژی بوون و هه‌بوونی گه‌لانی بنده‌ست و مافخوراوی ئه‌و وڵاتانه‌وه نووسراوه‌ته‌وه.
له زمانی كوردیدا به‌و چیرۆك و داستانگه‌له‌ی كه له كۆندا سنیه به سینه ماونه‌ته‌وه و زۆرتر داستانی حه‌ماسی و كۆمه‌ڵایه‌تین و به ئاواز ده‌گوترێن، ده‌ڵێن: به‌یت. وشه‌ی به‌یت هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌سه‌ر (بێت)ی عه‌ره‌بییه‌وه نییه و له ریشه‌ی (Poet)ی لاتینییه كه‌وتۆته‌وه كه ده‌بێته شاعیر؛ هه‌روه‌ها به‌یت ده‌بێ له Pad) پاد( ی ئاوێستایی كه مانای شیعر ده‌دا كه‌وتبێته‌وه؛ دووریش نییه به‌یت له‌گه‌ڵ گۆشه‌ی به‌یات كورد و مه‌قامی (به‌یات) كه له ئێران پێده‌گوترێ شوور، هه‌ر یه‌ك ریشه بن و سه‌رچاوه‌یان یه‌كێ بێ.
بۆ وشه‌كانی (هات و گات)ی کۆپه‌ڕی گاتاكانی زه‌ڕده‌شتیش، هه‌ر دوو وشه‌كه كوردین و (هات) واتای هاتن و نه‌دا ده‌دا و (گات)یش مانای قاوكردن و بانگ و هاوار ده‌دا، له كاتێكدا له زمانی فارسی‌دا هه‌ر دوو وشه‌كه بێ مانا ماوه‌ته‌وه! پێشموایه ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌كی گرنگه، بۆ ئه‌وه‌ی كه كورد كۆنترین نه‌ته‌وه‌یه له ئێران‌دا و نه‌ك وشه‌ی ناونیتكه هه‌ڵخڕێنی قه‌وم! هه‌روه‌سا كورد له فه‌رهه‌نگ و شوێنه‌واره كۆنه‌كانی ئێران‌دا هاوبه‌شه و، نه‌ته‌وه‌ی كورد یه‌كه‌مین بناغه دانه‌ری ئێرانه و شتی تریشمان زۆره به ده‌سته‌وه بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بانگاشه‌یه.
بۆ نموونه: گۆمه‌سپان!
له بنه‌ڕه‌تدا گیۆمه‌سپان بووه! وشه‌ی گیۆ، له کۆندا له نێو زمانی ئاوێستایی مادیی، بۆ (زه‌وی، گیان، وڵات، گا و کشتوکاڵ)، به‌کار براوه، که دواتر وشه‌ی جیۆ و جیۆگرافی لێ که‌وتۆته‌وه. نێوی (گیو) که ئه‌مڕۆ له کوردستان به‌کار ده‌برێ، له‌م نێوه که‌وتۆته‌وه. گیۆمه‌سپان، له دوو وشه‌ی (گیۆ و ئه‌سپه‌ند) پێکهاتووه که به سه‌ر یه‌که‌وه گیۆئه‌سپه‌نده: 1. شوێنی گیانداران، 2. شوێنی پیرۆز. سه‌ند یا سانت له سانسکریت یا لاتیندا واته: مقدس، پیرۆز. وه‌کوو: سانت یۆران و سانتیاگۆ و هیدیکه. دۆڵی یه‌سپان له سنه وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌م وشه‌یه‌یه. ئه‌م وشه‌یه به (گۆران و گه‌یلان و گێڵان و گیو و گلایا)وه نزیکه.
فه‌یلی، پاڵه و پاڵه‌وان؟
وشه‌ی پاڵه‌وان واتاکه‌ی ده‌بێته: 1. رنجبه‌ر، پاڵه، سه‌پان؛ 2. په‌ڵه ده‌خڵی نه‌دووراو؛ 3. مرۆڤی زۆردار و به‌هێز؛ 4. دارێ كه ده‌خرێته بن كاریته‌وه؛ 5. فه‌رمانبه‌ری شار؛ 6. شاری ئه‌و كوردانه‌ی كه له كۆندا سه‌ر به ئایینی زه‌ڕده‌شتی بوونه؛ 7. شاری گۆرانه‌کان؛ 8. ده‌ربار و دیوه‌خانی گه‌وره‌پیاوان؛ 9. نێوی كۆنی زاراوه‌ی كه‌ڵوڕی كه له ئێران‌دا فارسه‌كان به هه‌ڵه پێی ده‌بێژن: زبان پهلوی (فارسی میانه!!)، که له راستیدا زووانی كورده‌كانی باشووری ئێرانه، نه‌ک فارسی میانه! هه‌رچه‌ند ئه‌م زاراوه‌یه ئه‌شكانییه‌كان و ساسانییه‌كان به‌كاریان هێناوه و قسه‌یان پێ كردووه؛ وشه‌ی (پاله‌وی)، زاراوه‌ی ئه‌و كوردانه‌ن كه به زاراوه‌ی (كه‌لهوڕیی) و (فه‌یلی) و (له‌كیی) قسه ده‌كه‌ن و له وشه‌ی (پاڵه) وه‌رگیراوه؛ (فه‌یلی)ش له بنه‌ڕه‌تدا (پاله‌وی) بووه و عه‌ره‌ب ئه‌م وشه‌یه‌ی گۆڕیوه بۆ (فه‌هه‌له‌وی) و دواتر بووه به فه‌یلی!؛
بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه:
وشه‌ی پاله‌وی (په‌هله‌وی)، له بنه‌ڕه‌تدا وا نه‌بووه و عه‌ره‌ب ئه‌و وشه‌یه گۆڕیوه بۆ پاله‌وی، چونکه له بنه‌مادا (پاڵه‌یی) یان (په‌هله‌یی) بووه، که له کۆندا گۆتراوه: پاڵه‌ییان، وه‌کوو چۆن ئه‌مڕۆ ده‌گوترێ: هۆزی ئاکۆیان، تیره‌ی باڵه‌کیان، یان ناوچه‌ی گه‌ورکان و ناوچه‌ی مه‌نگوڕان. عه‌ره‌ب دوو تیپی (وی) پێ زیاد کردووه و له ژێر کارتێکه‌ریی و گاریگه‌ریی زمانی عه‌ره‌بیدا وا له کڵ ده‌رهاتووه، چونکه کورد ده‌ڵێ: بانه، بانه‌یی، سنه، سنه‌یی، بۆ نموونه: له زاراوه‌ی عه‌ره‌بیدا خێڵی علاالدین (علا) بووه به علاوی، تیره‌ی مه‌نده‌لی بووه به مه‌نده‌لاوی و هۆزی زه‌ڕقی بووه به زه‌ڕقاوی و خه‌ڵکی فه‌رانسه‌یی بووه به فه‌رانسه‌وی و هیدیکه، ده‌نا له زمانی کوردی‌دا وا نییه. وه‌ک چۆن وشه‌گه‌لی (لی) و (لوو) به کلکی هه‌ر نێوێکه‌وه بلکێ بۆ نموونه: قامیش قامیشلی، یان قامیش قامیشلوو، تورکییه، ئاوه‌هاش وشه‌ی (وی) به دوای هه‌ر نێوێکی کوردییه‌وه بلکێ، وه‌کوو: جه‌زراوی و مه‌نداوی و هیدیکه به عه‌ره‌بیکراوه و کوردیی نییه. بۆ میناک عه‌ره‌ب (جزیر)ی کردووه به جه‌زر و پاشان بووه به جه‌زراوی، وه‌کوو پاشنێوی هه‌ر دوو هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ عارف جزیری و حه‌سه‌ن جزیری، که له رادیۆی به‌غدا به جه‌زراوی نێودێر کرابوون.
دوكتۆر موعینیش له فه‌رهه‌نگه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێ كردووه و ده‌ڵێ: پاڵه یان په‌هله، واته: پارت و قه‌ومی فارس و پاڵه‌وان و دلێر و جه‌نگاوه‌ر و زۆری دیكه و له‌وێش هۆنراوه‌یه‌كی فردۆسی به نموونه هێناوه‌ته‌وه كه ده‌ڵێ:
گـزین كرد ازان نامــداران ســــــوار
دلیـــــران جنـــگی ده و دوهـــــزار
هم از پهـلوی، پارس، كوچ و بلـوچ
ز گیــلان جنگی و دشـت و ســروچ
واته:له‌و ســـواره ناودارانــه‌یـــان هه‌ڵبـــــژارد،
له‌و دلێــــره شه‌ڕاشـــــۆیانه، دوازده هــــه‌زار،
هه‌م پالـه‌وی و هه‌م پارت و كۆچه‌ر و به‌لووچ،
له گێڵانی شـه‌ڕكه‌ر و ده‌شتییــه‌كان و سرووچ!
مه‌به‌ستی فردۆسی له په‌هله‌وی (پاله‌وی) لێره‌دا فارس نییه و به‌ڵكوو كورده چونكه به كوردی كه‌ڵوڕی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان گوتووه پاڵه و پاڵه‌وان، پاله‌ویش ئه‌و كوردانه ده‌گرێته‌وه وا به زاراوه‌ی كه‌ڵوڕی قسه‌یان كردووه و داگری شاره‌كانی ئیلام و به‌دره و جه‌سان و كووت و عه‌ماره و ته‌نانه‌ت كرماشانیشه! ره‌نگه هه‌موو كوردیش بێ، چونكه زمانی سه‌رده‌می ساسانی و ته‌نانه‌ت ئه‌شكانی و هیدیكه‌ش پاله‌وی بووه. بۆ نموونه چوارینه‌كانی باباتاهیری هه‌مه‌دانی هه‌ر به‌و زاراوه‌یه دانراوه و دواتر له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه كراوه به: فه‌هله‌ویات! به‌راستی خه‌ڵكی فارس ده‌بێ ئه‌وه بزان كه (زبان پهلوی) كه فارس بانگاشه‌ی بۆ ده‌كا و به فارسی داده‌نێ، فارسی نییه و یه‌كێ له زاراوه كۆنه‌كانی زمانی كوردییه و به زاراوه‌ی كه‌ڵوڕیی ناسراوه. من ده‌مه‌وی لێره‌دا بۆ سه‌لماندنی ئه‌و قسه‌یه دوو به‌ند له به‌نده‌كانی گاتاكانی زه‌ڕده‌شت به نموونه بێنمه‌وه كه تێکه‌ڵه‌یێکه له كوردیی هه‌ورامیی و که‌ڵوڕیی و جافیی و کرمانجیی، که فارس له ژێر په‌رده‌ی (زبان پهلوی) كه ئه‌ویش هه‌ر که‌ڵوڕییه، وه‌ریانگیڕاوه‌ته سه‌ر فارسیی، له كاتێكدا وشه‌كان له سه‌تا 70 زێده‌تری كوردین و تاكه‌تاكه‌ش وشه‌ی تێدایه كه ده‌توانین بڵیین وشه‌ی فارسیی و كوردیی هاوبه‌شن و هه‌ندێكیشی ئه‌مڕۆ له کوردی‌دا شوێنه‌واریان ماوه‌ته‌وه! وه‌كوو ئه‌م به‌نده له به‌ندیێكی یه‌سنای گاتاكانی زه‌ڕده‌شت:
ئه‌شاوۆ فـره ده‌سای ئه‌ســپه‌رێـزه‌تا
تواڤـــانه‌س مـــه‌زدا ئه‌هـــوورا یه‌دا
شاهۆ چیایه‌كه له كێوه‌كانی زاگرۆس له هه‌ورامان! ئه‌سپه‌ریزیش کێوێكه له باوه‌شی شاهۆیه و له هه‌ورامانه و له نێوان سنه و مه‌ریواندا هه‌ڵكه‌وتووه! ئه‌مه هاتی (31)ه له به‌ندی 16ی گاتاكانی زه‌ڕده‌شت! واتای ئه‌م شیعره ئه‌وه‌یه له خواره‌وه:
شاهۆ هه‌تا ده‌گاته ئه‌سپه‌رێز، ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر زنجیره چیایه، چه‌می دووئاوانیش كه له خوارییانه‌وه ده‌ڕوا، مه‌زدا ئه‌هوورا پێی به‌خشیوین! بۆ ئاگاداریی: ماده‌کان گوتوویانه: مه‌زدا ئه‌هوورا، به‌ڵان پارته‌کان گوتوویانه: ئـه‌هوورا مه‌زدا!
پاڵه‌یی، كه‌ڵۆڕ؟
که‌ڵوڕ هۆزێکی گه‌وره‌یه له هۆزه كۆنه‌كانی كورد، كه به زاراوه‌ی پاله‌وی قسه ده‌كه‌ن و ئه‌م هۆزه داگری چه‌ندین تیره‌یه و شوێنه‌مێنگه‌یان باشووری كوردستانی مه‌زنه كه شاره‌کانی: به‌دره، جه‌سان، کووت، عه‌ماره، زڕباتییه، خانه‌قین، مه‌نده‌لی، كرماشان، سه‌حه‌نه، کرند، رێژاو، که‌نگاوه‌ر، قه‌سری شیرین، شائاوا (مه‌نه‌لی) کۆن، مێران، دێلۆڕان، سه‌رانسه‌ری ئیلام و به‌شێک له لوڕستان و کورده‌کانی به‌غدا ده‌گرێته‌وه. هۆزی که‌ڵوڕ له هۆزی جاف گه‌وره‌تره و ده‌توانین بڵێین گه‌وره‌ترین هۆزی کوردن که به پاله‌ویی قسه ده‌که‌ن. هه‌ندێ دیتنیش ده‌ڵێن: به‌م هۆزه گه‌وره‌یه گوتراوه: که‌ڵه‌ئاهوورایی، واته له بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی ئاهووراییه‌کان. دیتنێکی دیکه‌ش به که‌ڵوڕه‌کان به (راوکه‌ری ئاسک و به‌ران و که‌ڵه‌کێویی و هیدیکه)ی دهاده‌نێن و ده‌ڵێن: کاری ئه‌م هۆزه زۆرتر راو بووه و ئاژه‌ڵداریی.
کرماشان (کرمانشاه!!)
یه‌كێ له شاره كۆنه‌كانی كوردستانه كه به‌ر له سه‌رده‌می ساسانییه‌كان بنیات نراوه، به‌ڵام دواتر خه‌سره‌و و بارامی ساسانیی بایه‌خێکی زۆریان پێداوه؛ كرماشان جێگا و مه‌ڵبه‌ندی ساسانییه‌كان بووه كه ئێستاش شوێنه‌واره‌كانی هه‌ر ماوه؛ له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كاندا كه عوسمانییه‌كان به‌شی سوننی نشینی كوردستانیان داگیر كرد، سه‌فه‌وییه‌كان بایه‌خێكی زۆریان به كرماشان دا و كرماشان زۆر پێشكه‌وت؛ ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێن كرماشان (بارامی چوواره‌م) كه نێوی (كرمانشاه، یان شاه‌كرمان) بووه بنیاتی ناوه، درۆیه و ئه‌و شاره‌ی كه بارامی چوواره‌م بنیاتی ناوه، كوێره‌دێیه‌ك بووه له نزیك ئه‌سفه‌هان به نێوی (كرمانشاه)، كه ئێستاش كه‌لاوه‌كانی هه‌ر ماوه؛ كرماشان له كۆندا نێوی (كرماجان) یا (كرمانجان) یان (كرمانجسان) بووه كه واتای (جێگای ره‌عیه‌ته‌كان، یان جێگای چانده‌کاران و ئاژه‌ڵداران) ده‌دا و عه‌ربه‌کانیش به قرمسین نێویان بردووه، به‌ڵگه و ده‌لیلیش ئه‌وه‌یه که گۆرانه‌کان یه‌که‌م هێز بوونه که ده‌ستیان به شارنشینی کردووه و یه‌که‌مین تیره‌ی کوردن که کرماشانیان ئاوه‌دان کردۆته‌وه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه نێویان ناوه کرماشان، واته شوێنی چانده‌کار و ئاژه‌ڵداران!
* ئه‌م بابه‌ته بۆچوونی نووسه‌ر ناسری ڕه‌زازی خۆيه‌تی.