2010-12-21 07:44:55

چۆن ده‌روانيته‌ به‌شداری كوردانی فه‌يلی له‌بزافی ئازاديخوازی كوردستان؟

به‌شداری كوردانی فه‌يلی له‌ بنياتنانی كێشه‌ی كوردی له‌مێژووی سه‌رده‌می ئێمه‌داو به‌شێوه‌ نوێيه‌كه‌ی ئه‌م بزاڤه‌ به‌شێكی هه‌ره‌زۆری قه‌رزاری هه‌وڵ و ماندووبوونی كوردانی فه‌يلييه‌، ئه‌وان له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردندا توانيان تاكی خوێنده‌وار و مۆدێرن ئه‌و عونسره‌ی كه‌ده‌توانرا كاری حزبی له‌سه‌ر بنيات بنرێ و رێكخستنه‌كانی پێچه‌كدار بكرێت چ له‌لايه‌نی ماده‌ييه‌وه‌ ياخوود فيكرييه‌وه‌  چ له‌لايه‌ن رۆشنبيری  گشتی كوردايه‌تييه‌وه‌ له‌كوردانی فه‌يلی ده‌ستی پێكرد. جێی بايه‌خه‌  ئه‌وه‌بزانين كه‌ يه‌كه‌مين كۆبوونه‌وه‌ی پێكهێنانی پارتی ديموكراتی كوردستان له‌ماڵی يه‌كێك له‌كوردانی فه‌يلی بووه‌،هه‌روه‌ها ده‌توانم بڵێم كه‌يه‌كێك له‌كه‌ره‌سته‌كانی دوارۆژی شۆرش كه‌چينی لاوان يا قوتابيان بێت يه‌كه‌مين سه‌رۆكی يه‌كێتی قوتابيانی كوردستان ديسان كوردێكی فه‌يلی بووه‌، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا له‌ژياندا ماوه. ئه‌مه‌يان ئه‌مانگێرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ يه‌كێك له‌بنچينه‌ به‌هێزه‌كانی بزافی شۆرشگێری كوردی له‌سه‌ر هێزو توانای كوری فه‌يلی دامه‌زراوه‌، ‌ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌مان بير ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌، به‌بێ ئه‌و به‌شه‌ له‌نه‌ته‌وه‌ی كورد بزافی رزگاریخوازی كوردستان هه‌ميشه‌ هه‌ست به‌لاوازييه‌ك ده‌كات، وه‌ئه‌وه‌ش ئێستا به‌هه‌مان هێزی جاران نه‌ماوه‌ته‌وه‌ دياره‌ به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ ساحه‌ی كوردستانی هه‌ست به‌بۆشايی ده‌كات له‌وه‌ی كه‌ كوردی فه‌يلی رۆڵی مێژووی خۆی نه‌بينێت.

به‌تێبينی ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ كوردی فه‌يلی له‌بزافی ئازادی خوازی كوردستان هه‌يبووه‌، ئايا سه‌ركردايه‌تی كورد و لايه‌نه‌ سياسيه‌كانی كوردستان توانيويانه‌ ئه‌وقه‌رزه‌ی كوردی فه‌يلی بده‌نه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا؟

ده‌كرێت لێره‌دا تێبينيمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌هه‌بێت ، له‌راستيدا به‌تێبينيكردنی پێگه‌ی  كوردانی فه‌يلی  له‌ ناوه‌راستی هه‌ستيارترين جوغرافيای عه‌ره‌بی عێراقدا ئه‌و گرنگيه‌ی پێنه‌به‌خشراوه‌.

باشه‌ هۆكاره‌كانی چين؟

وابيرده‌كه‌مه‌وه‌ كه ئێمه‌ ‌له‌سه‌رده‌مێكی تردا ده‌ژين ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ی رژێم له‌كوردانی فه‌يليكردوو پاش نسكۆی شۆرشی ئه‌يلوول كۆمه‌ڵێك دوور كه‌وتنه‌وه‌ روويدا، ئه‌م دوور كه‌وتنه‌وه‌يه‌ش ته‌نها له‌نێوان كوردی دانيشتووی هه‌رێم و كوردانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم نه‌بوو ، به‌ڵكو په‌رته‌وازييه‌ك له‌ شێوه‌ی تێروانينی سه‌ركردايه‌تی كورديش روويدا، بۆيه‌ من وای بۆ ده‌چم ئه‌و تێروانينه‌ نوێيه‌ كه‌به‌شێك له‌سه‌ركردايه‌تی دووچاری بووه‌  يا ئه‌و روانگه‌يه‌ی كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌به‌شێك له‌سه‌ركردايه‌تی كورد به‌كوردی فه‌يلی هه‌يه‌تی گرنگی ئه‌م مه‌سه‌له‌يان ده‌ركنه‌كردووه‌، بۆيه‌ ئه‌م دابران و په‌راوێزخستنه‌ به‌شێوه‌يه‌كی به‌رچاوو روويداوه‌ ئه‌وه‌ش زه‌ره‌رێكی گه‌وره‌ی گه‌يانده‌ بزافی رزگاريخوازی گه‌له‌كه‌مان.

به‌بۆچوونی جه‌نابتان لايه‌ن و هێزه‌ سياسيه‌كانی كوردستان به‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی سياسی سه‌يری دۆسيه‌ی كوردی فه‌يلی بكه‌ن يان به‌چاوی نه‌ته‌وه‌يی؟

نه‌خێر، من له‌وباوه‌ڕه‌دا نيم ، كێشه‌ی كوردانی فه‌يلی بێدوودڵی و له‌سه‌دا سه‌د كێشه‌يه‌كی نه‌ته‌وه‌ييه‌ وه‌ده‌شبێت له‌روانگه‌يه‌كی نه‌ته‌وه‌ييه‌وه‌ سه‌يری ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ بكرێت، ‌ئێمه‌ ناتوانين هه‌موو شتێك به‌ده‌نگ يان به‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ڵسه‌نگێنين ياخوود پارسه‌نگ بكه‌ين، من واتێده‌گه‌م كوردانی فه‌يلی كه‌ ده‌نگێك ده‌خه‌نه‌ ناوسندووقی ده‌نگدانه‌وه‌ به‌رامبه‌ره‌ به‌ده‌نگی هه‌زاران كوردی ديكه‌، چونكه‌ لێره‌دا ته‌نها مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كه‌ پاڵنه‌رێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كوردانی فه‌يلی ده‌نگ بده‌ن، مومكينه‌ له‌شوێنی خۆمان مه‌سه‌له‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ هه‌بێت ياخوود مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندن هه‌بێت يان مه‌سه‌له‌ی به‌رژه‌وه‌نديه‌كانی دوولايه‌نه‌ هه‌بێت، به‌ڵام لێره‌دا سه‌ره‌رای ئه‌و مێژووه‌ مه‌ترسيداره‌ی كه‌ كوردانی فه‌يلی رووبه‌رووی بوونه‌ته‌وه‌ ديسان وابه‌سته‌ بوونيان به‌مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌يی ئه‌ركێكی گه‌وره‌يه‌، بۆيه‌ ده‌بێت سه‌ركردايه‌تی كورديش له‌ئاستی ئه‌و دڵسۆزييه‌ی كوردانی فه‌يليدا بێت.

وه‌ك ئاشكرايه‌ له‌رووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوغرافيه‌وه‌ كوردانی فه‌يلی زۆربه‌يان دانيشتووی ناوچه‌كانی ناوه‌راست و باشووری عێراقن , ئايا ئه‌م به‌شه‌ له‌ميلله‌ته‌كه‌مان توانيويه‌تی رۆڵی به‌يه‌كه‌وه‌ گرێدانی كورد وعه‌ره‌ب ببينی؟

پێم وايه‌ ئه‌مه‌ له‌مێژوودا زۆر جوان دياره‌ ،له‌دوو روانگه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌ته‌نوانين سه‌يری ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ بكه‌ين،يه‌كێك مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وايه‌تيه‌كه‌يه‌‌، نيشته‌جێبوونی به‌شێك له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ناو جوغرافيای عه‌ره‌بيدا ئه‌مه‌يان كارتێكی زۆر به‌هێزی بۆ كورد درووستكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكات.روانگه‌ی دووه‌ميش مه‌سه‌له‌ی مه‌زهه‌به‌كه‌يه‌تی،ئه‌م مه‌سه‌له‌يه‌ش هه‌ميشه‌ به‌رده‌بازێك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كورد ئاينزای شيعه‌ی پێبناسێته‌وه‌ يا بتوانێت ديالۆگێكی له‌گه‌ڵ درووست بكات. له‌هه‌مانكاتدا كه‌ كوردانی فه‌يلی هه‌ميشه‌ داكۆكييان له‌سه‌ر كوردبوونی خۆيانكردۆته‌وه‌ من پێم وايه‌ عاملێكی زۆر زۆر هه‌ستيارو كاريگه‌ربوون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ نزيكيه‌ك له‌نێوان بزافی كوردی و بزافی عه‌ره‌بی شيعه‌ له‌باشووری عێراق درووست بكات، پێشم وايه‌ تاوه‌كو ئێستاش گه‌وره‌ترين وزۆرترين لێكحاڵيبوون و لێكتێگه‌يشتن و ناسين كه‌له‌نێوان لايه‌ن كورديه‌كان ‌له‌كوردستان و پارته‌شيعيه‌كانی ئێستا كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارن له‌عێراقدا دروست بوبێت هه‌رله‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌.

ئايا چۆن ده‌توانين ئێمه‌ پێش له‌و په‌راوێزخستنه‌ی كوردانی فه‌يلی بگرين كه‌هه‌ندێك كه‌س له‌ناو حيزب و لايه‌نه‌سياسيه‌كاندا هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن؟

ئه‌م هه‌ڵه‌يه‌ زياتر به‌ره‌ی نوێ دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌،هه‌ڵه‌كه‌ش له‌سه‌ركردايه‌تيه‌وه‌ نيه‌ وه‌ ده‌بێت كوردانی فه‌يلی خۆيان ئه‌م كێشه‌يه‌ بگه‌يه‌ننه‌ سه‌ركردايه‌تی و ده‌بێت زياتر چالاكتربن له‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌يه‌،و ده‌شبێت ئێمه‌ش شيعاره‌كانمان بكه‌ينه‌ كردار و ئه‌و هه‌وڵی په‌راوێزخستنه‌ نه‌مێنێت له‌نێوان كوردی فه‌يلی و سه‌ركردايه‌تی كوردستان.

ئايا پێتوانيه‌ ميديای كوردی باش هاوكاری نه‌كردووه‌ له‌ناساندنی دۆسيه‌و كێشه‌ی كوردانی فه‌يلی به‌نه‌وه‌ی نوێ؟

به‌ڵێ بێگومان وايه‌ و پشكی شێريش له‌وپه‌راوێزخستنه‌دا به‌رميديای كوردی ده‌كه‌وێت،ميديای كوردی يان ئه‌وه‌تا به‌شێوه‌يه‌ك كرده‌وه‌گه‌رابووه‌ كه‌ ته‌نها چاوی له‌سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌،به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی بارودۆخی كوردانی فه‌يلی ئه‌و هه‌موو زوڵموزۆره‌ی به‌سه‌رياندا هاتووه‌ بكات، ئه‌وان چاويان له‌وه‌يه‌ سندووقی ده‌نگانيان بۆ پربكرێته‌وه‌، من پێم وايه‌ ئه‌مه‌ كارێكی يه‌كجار هه‌ڵه‌يه‌ ميديای كورديش زۆر كه‌مته‌رخه‌موو هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌. ‌ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌به‌شێك له‌سه‌ركردايه‌تی لاوی كورد بكه‌وێته‌ بن كارتێكردنی بۆچوونی ميدياييه‌كان،وه‌ئه‌وانيش به‌شێوه‌يه‌كی رۆتينی ‌نابه‌رپرسيارانه‌ باسی رۆڵی كوردانی فه‌يلی بكه‌ن.

ئه‌مه‌يان ده‌بێ ميديای كوردی به‌خۆيدا بچێته‌وه‌، جارێ كورد له‌خۆناسينه‌وه‌دايه‌ و كوردانی فه‌يليش خه‌ريكه‌ دووباره‌ خۆ زيندوو ده‌كه‌نه‌وه‌ و پێناسه‌ی خۆيان ديسان ده‌دۆزنه‌وه‌، خه‌ريكن شوێن پێيه‌كانيان توند ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌گه‌رانه‌وه‌دان جابۆيه‌ ده‌بێت ميديای كوردی هاوكار بێت له‌وبواره‌دا، ئه‌وكاته‌ ده‌بێت داوای ده‌نگێكی زياتريان لێبكه‌ين.

به‌جينۆسايدناساندنی كه‌يسی كوردانی فه‌يلی چۆن ده‌بينيت؟

ئه‌م دۆسيه‌يه‌ پێم وايه‌ دووبه‌رپرسياريه‌تی درووست ده‌كات يه‌كێكيان له‌به‌رده‌م حكومه‌تی ناوه‌ندو ئه‌وی ديكه‌شيان بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت پشتگيرێكی كارابێت بۆ گه‌رانه‌وه‌ی مافه‌زه‌وتكراوه‌كانی كوردانی فه‌يلی، وه‌ده‌بێت حكومه‌تی ناوه‌نديش هه‌موو ئه‌ومه‌رجانه‌ بهێنێته‌دی‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كوردانی فه‌يلی و مه‌رجه‌كانيش نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان هه‌مووی دياری كردووه‌ هه‌رله‌گه‌رانه‌وه‌ی ناسنامه‌ تاوه‌كو بچووكترين خزمه‌تگوزاری. هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی گه‌ليكی به‌ جينۆسايدكراو ده‌گرێته‌وه‌.

پێتوانيه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوانی كوردستان وه‌كو چۆن هاوكاری خێزانی ئه‌نفاله‌كان ده‌كه‌ن به‌هه‌مانشێوه‌ش ده‌ستی ئه‌و هوكارييه‌ بگاته‌ خێزانێكی فه‌يليش؟

من ئه‌مه‌يان وه كو مافێك ده‌بينم و برگه‌يه‌كه‌ ده‌بێت كاری له‌سه‌ر بكرێت،وه‌كو چۆن داوای ئه‌رك له‌كوردانی فه‌يلی ده‌كه‌ين ده‌بێت به‌هه‌مانشێوه‌ش داوای مافه‌كانيشيان بۆ بكه‌ين، وه‌ بێين جياوازييه‌ك له‌نێوان ئه‌ومافه‌ی كه‌داومانه‌تێ و ئه‌وئه‌ركه‌ی كه‌داوای ده‌كه‌ين بكه‌ين و بزانين چه‌نده‌؟ وه‌ده‌بێت وه‌زاره‌تی شه‌هيدان وه‌كو سه‌رجه‌م شه‌هيدانی كورد سه‌يری شه‌هيدانی كوردی فه‌يليش بكات و وه‌كو مافێكی ره‌وای خۆيان هيچ جياوازييه‌كيان نه‌بێت له‌گه‌ڵ شه‌هيدانی ئه‌نفال و گه‌رميان و هه‌ڵه‌بجه‌وهتد..

هۆكاری كه‌می ده‌نگی فه‌يليه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی په‌رله‌مان و كۆنگره‌ی پارتی ديموكراتی كوردستان بۆچی ده‌گه‌رێنيته‌وه‌؟

به‌بۆچوونی من يه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ ديموگرافيه‌ كه‌ كوردانی فه‌يلی په‌رشوبڵاوبوونه‌ته‌وه‌ به‌شوێنه‌ جياجياكانی عێراقدا. گردبوونه‌وه‌يه‌كی واشيان نه‌بووه‌ كه‌كاريگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر نوێنه‌رانی خۆيان.لايه‌نێكی ديكه‌ پێم وايه‌ ‌ كوردانی فه‌يلی له‌سه‌ركردايه‌تی پارتی ديموكراتی كوردستان  نه‌يانتوانيوه‌ بگه‌نه‌ پێكهاتنێك بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رێكی تايبه‌ت هه‌ڵببژێرن و ده‌نگه‌كانيان به‌و شێوه‌يه‌ په‌رش و بڵاو و دابه‌ش نه‌بن. واش ده‌بينم كه‌ كوردانی فه‌يلی شاره‌زاييان له‌ته‌كنيكی هه‌ڵبژاردن نه‌بوو، پێشم باشبوو له به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ سيسته‌می كۆتا له‌ناوكۆنگره‌ی پارتيدا بۆ كوردانی فه‌يلی په‌يره‌و بكرايه‌.