2010-05-06 08:46:20

ویلایه‌ته‌ دێرینه‌كه‌ له‌سه‌ر سێكوچكه‌ی شیعه‌، سوننه‌ و كورد دامه‌زرا. كه‌چی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی سه‌ریهه‌ڵدا. له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین حكومه‌تی عیراقی كه‌ هێشتا سیستمی پاشایه‌تیش به‌ته‌واوی یه‌كلانه‌بووه‌وه‌ ‌و شا فه‌یسه‌ڵیان نه‌كردبووه‌ به‌ پاشای قه‌واره‌ تازه‌كه‌، سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كانی حكومه‌ته‌ ساواكه‌ به‌ ‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدولره‌حمان نه‌قیبی ئه‌شرافی به‌غدای به‌ساڵاچوو، به‌بێ نوێنه‌رایه‌تی هیچ وه‌زیرێكی شیعه‌ و كورد پێكهات. پاشان دوو ‌وه‌زیری بێ هه‌گبه‌یان بۆ شیعه‌ و سوننه‌ ته‌رخانكرد.

ئیدی له‌و ڕۆژه‌وه‌ تا ڕووخانی ڕژێمی به‌عس پرۆسه‌ی دورخستنه‌وه‌ و ته‌عریب له‌ ‌سه‌ره‌تاییه‌كی ساده‌وه‌‌ گه‌یشته‌ تۆپكه‌.

له‌و ململانێیه‌ هه‌شتا ساڵیه‌دا، لایه‌نی هۆشیاری و جوڵانه‌وه‌ی كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌یتی كورد وه‌ك هه‌ڵچوونێكی شاقوڵی له‌ په‌ره‌سه‌ندن دابوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵیدا لایه‌نه‌ جوگرافیاكه‌ی ناسنامه‌ی خاك به‌شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی تاده‌هات هه‌ر به‌رته‌سك ده‌بووه‌. تا دوای ڕووخانی ڕژێمیش كار گه‌یشته‌سه‌ر دابه‌شبوونی خاكی كوردستان به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، خۆ دیاریشه‌ ماده‌ی 58 قانوونی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و پاشان 140ی ده‌ستووری هه‌میشه‌ی چ چوارچێوه‌یه‌كی ئاڵۆزی بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی كوردستان داناوه‌.

ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه‌ لایه‌كی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان كه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ پرسی خاكی كوردستانه‌وه‌ به‌ند نییه‌، له‌و ململانێ دورودرێژه‌ دیرۆكییه‌دا كێرڤه‌كه‌ی زیاتر به‌ره‌ورۆچوون بووه‌ نه‌وه‌ك هه‌ڵچوون. ئه‌ویش پرسی كورده‌ فه‌یلی و غه‌یره‌ فه‌یلییه‌كانی نێو به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراقه‌ كه‌ ئه‌و بوونه‌ خۆسه‌پێنه‌ره‌ی نییه‌، تا بیرێكی جدی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی به‌دواو‌ه‌ هه‌بێ. له‌كاتێكدا له‌ سه‌رده‌می ڕابردوودا داینه‌مۆی ئابووری پایه‌ته‌ختی عیراق بوون، كه‌چی ئه‌و ڕۆڵه‌یان لێسه‌ندرایه‌وه‌، ئه‌و شاڵاوه‌ ڕه‌شبگیریه‌ی بێسه‌روشوێنكردن و ڕاگواستن له‌سه‌ر ده‌ستی به‌عس گورزێكی وای لێدان كه‌ پێناچێ باره‌كه‌یان پێڕاست ببێته‌وه‌. زه‌بره‌ كوشنده‌كه‌ به‌ به‌هانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و مه‌زهه‌بی ئه‌وه‌نده‌ گورچكبڕ بوو، تاڕادده‌یه‌كی زۆری دووانه‌یی چه‌وساندنه‌وه‌كه‌ی لایه‌نه‌ نه‌ته‌وه‌ی و مه‌زهه‌بییه‌كه‌ی تێكه‌ڵاوكرد، كه‌ تاێستاش شوێنه‌واره‌كه‌ی ڕه‌ش نه‌بۆته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوودا نه‌توانرا باوه‌شی لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك هی مه‌زهه‌بی گه‌رموگوڕ و له‌ خۆگربێ.

ئاشكراشه‌ ململانێكانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عیراق تادێ ئه‌و لایه‌نه‌ مه‌زهه‌بیه‌ی تێدا قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، به‌گوێره‌ی ‌ هه‌وادارێتی قه‌واره‌ سیاسییه‌كانیش كه‌ زۆریان له‌سه‌ر ئینتمای مه‌زهه‌بیه‌وه‌ وه‌ستاون؛ پێناچێ باره‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی بشكێته‌وه‌. لێره‌دا پرسێك سه‌باره‌ت به‌ بوون و نه‌بوون، سه‌باره‌ت به‌ ونبوون و وننه‌بوونی ئه‌و توێژه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان دێته‌گۆڕێ. یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسه‌كه‌ش پێناچێ پێشنۆره‌یی له‌ سیاسه‌تی هه‌نوكه‌یی چاره‌ی كێشه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌ماندا هه‌بێ. بۆیه‌ تۆبڵێی بیركردنه‌وه‌ له‌ دروستكردنی "شارێكی نوێ" له‌ گه‌رمیانی كوردستان بۆ ئه‌و برایانه‌ی ‌خوار هێڵی حه‌مرین، له‌و كێشانه‌ ڕزگاریان نه‌كا. ئه‌مه‌ش به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی جارانیان به‌هۆی له‌ناوبردن و كۆچكردن و تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مبۆته‌وه‌، له‌سه‌رێكی دیكه‌یشه‌وه‌ خه‌مێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و ده‌كرێ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ كۆبكرێنه‌وه‌ و دنه‌ی سه‌رمایه‌گوزاریشیان بدرێ، كه‌ مێژوو وه‌ستایه‌تییه‌كه‌یانیان سه‌لماندووه‌.

خه‌ندان