2010-09-06 17:20:52

دەستوورە کەموکوڕیی زۆر تێدایەو دەمێکە پێویستی بەھەموارکردنەو تورکیا لەسایەی دەستوورێکی وادا ناتوانێ پەرە بەدسموکراسییەکەی بداو زەمینەیەکی لەبار بۆ چارەسەرکرنی کێشە ناوخۆییەکانی دابین بکا. کوردی تورکیا ھێشتا دودڵن و بڕیاری یەکجارەکییان لەسەر پشتگیریی کردنی ھەموارکردنەکەی نەداوە. گومان لەوەدا نییە کە ھەموارکردنەکە لەئاستی داواکانی کورددا نییەو ماددە ھەموارکراوەکان بوونی یاسایی کورد تۆکمەتر ناکەن، بەڵام ئەمە نکۆڵی لەوە ناکا کە کورد پێویستی بەھەموارکردنەکەیە چونکە   فراوانکردنی چوارچێوەی دیموکراسی و کەم کردنەوەی دەسەڵاتی دامەزراوەی سوپایی لەلیستی سیاسیدا لەبەرژەوەندیی کورد دایەو ناوەڕۆکی ھەموارکردنەکە پوچەڵ کردنەوەی کەمالیزمە کە بەدوژمنی مێژوویی کوردی تورکیا دادەنرێ. ھیچ دانایی تێدا نییە کورد لەیەک سەنگەردا بێ لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە)و پارتی بزووتنەوەی میللی (مەھەپە) لەدژی ھەموارکردنی دەستوور بەتایبەتی کە ئەم دوو حزبە خۆیان بەپارێزەری کەمالیزم دادەنێن و ھیچ دیدێکی دۆستانەیان بۆ تورکیایەکی فرە رەنگی ئیتنیکی نییە. شکستی ھەموارکردنی دەستوور بۆ پارتی دادو پەرەپێدانی شکستێکی گەورە دەبێ و کاریگەریی خراپی لەسەر پێگەی ئەم حزبە لەھەڵبژاردنی ساڵی داھاتوو بەجێ دێڵێ. حزبی دادو پەرەپێدان پەی بەم راستییە دەباو ھەوڵ دەدا سەرخستنی ھەموارکردنی دەستوور بکاتە سەرەتای بەدەستھێنانی ئەنجامێکی باش لەھەڵبژاردنی داھاتوودا. لەم سۆنگەیەوە سەرکەوتنی پرۆسەی ھەموارکردنەکە بۆ دادو پەرەپێدان بایەخێکی زۆری ھەیە، بەڵام لەبەرامبەر پشتیوانی کورد لەھەموارکردنەکە، دەبێ ئەردۆغان نەرمییەکی گونجاو بنوێنێ و پێویستە لەسەردانی چاوەڕوانکراوی بۆ شاری دیاربەکر، کورد دڵنیا بکاتەوە کە تورکیای پاش ھەموارکردنەکە بەچاوێکی بەسۆزتر دەڕوانێتە داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد. شکستی ھەموارکردنی دەستوور لەبەرژەوەندیی کورددا نییە، بەڵام کوردیش نایەوێ بەخۆڕایی و بێ بەرامبەر پشتگیریی پرۆسەیەک بکا کە ھیچی لێ دەست ناکەوێ لەسیاسەتدا ھیچ شتێک بەخۆڕایی نییەو بەرامبەر بەدەنگدان، دەبێ کورد شتێک بەدەست بێنێ. لەم ھەلومەرجەی ئێستاشدا ئەو دەستکەوتانەی کە کورد بیر لەبەدەست ھێنانیان دەکاتەوە دەسکەوتی قەبە نین و دەکرێ ھەندێکی پێش دەنگدانەکە بەدەست بێ وەک ئازادکردنی گیراوەکان و ھەندێکیش دەشێ دواتر بەشێنەیی بەدەست بھێنرێ وەک  کەم کردنەوەی رێژەی سەدیی چوونە ناو پەرلەمان و مافە رۆشنبیرییەکان. بەکردەوە، دادو پەرەپێدان بەو ٣٩%یەی لەھەڵبژاردنی پێشوودا دەنگیان پێداوە، ھەموارکردنەکەی پێ سەری ناخرێ و لەم سۆنگەیەوە زۆر پێویستی بەدەنگی کوردە کە دەتوانن رێژەکەی بۆ بگەیەننە سەرووی ٥٠%. کوردیش، بەکردەوە، ھیچ لەشکست ھێنانی ھەموارکردنەکە قازانج ناکا، بەڵام بۆ ئەوەی سەرانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بتوانن بەگوڕو تینێکی زۆرەوە داوا لەکورد بکەن دەنگ بەھەموارکردنەکە بدەن، دەبێ ھاندەرێکی بەھێزیان ھەبێ. لێرەدا ھەموو شتێ دەوەستێتە سەر توانای ئەردۆغان، کاتێک سەردانی دیاربەکر دەکا رووبەڕووی دەبێتەوە. چارەنووسی ھەموارکردنەکە لەدیاربەکر یەکلا دەبێتەوە.